مامۆستایەکی ئایینی سوجدەی شوکری برد

بەردەڕەش-KDP.info- ئەمڕۆ لە بەردەڕەش مامۆستایەکی ئایینی دوای ئەوەی دەنگی بۆ سەربەخۆیی دا، بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە سوجدەی شوکری بۆ خوا برد.
(مەلا سابیر کاکل شێخۆ)، کە مامۆستای ئایینی و پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''خۆشیی ئەمڕۆ بە قسە ناگوترێت، چەندین ساڵە دەریایەک خوێنمان بۆ سەربەخۆییی کوردستان ڕشتووە، هەزاران ئازیزمان لەو پێناوەدا شەهید بووە، بۆیە ئەمڕۆ نەمتوانی خۆم بگرم و دوای دەنگدانم بە سەربەخۆییی کوردستان لە بنکەی دەنگداندا بە فرمێسکەوە سوجدەی شوکرم بۆ خوا برد.''
(مەلا سابیر)، کە گوتارخوێن و پێشنوێژی پێشووی مزگەتی خێڵەکەی بووە لە قەزای بەردەڕەش دەڵێت: ''ئەمڕۆ بە بەڵێ بۆ جیهانمان بەیان کرد، کە گەلێکین، 100 ساڵە ئەو مافەمان لێ زەوت کراوە و داوای دەوڵەت دەکەین.''
هاووڵاتی، (غەلاح ساڵح)یش، کە دەنگدەرێکی دیکەیە لەو بنکەیەدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''خۆشەویستیم بۆ کوردستانەکەم وای کرد کە دەنگ بە سەربەخۆیی بدەم، دوێشەو خەو نەچووەتە چاوم، ئیدی بەسە ئێمە لەگەڵ عێراق نابین و دەوڵەتی خۆمان دەوێ.''
سەبارەت بە دەنگدان، بەرپرسی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە سنووری بەردەڕەش، (گۆران جبرائیل حوسێن)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''بە گوێرەی دوا ئامار سەدا حەفتای خەڵک لە بەردەڕەش دەنگی داوە و خەڵکی زیاتریش بە گوڕ دێن دەنگدان.''
قهزاى بهردهڕهش دهكهوێته نێو جهرگهى بادینان و سۆران و ژمارهى دهنگدهرانى نزیكهى 18 ههزار كهس دهبێت، كه مافى دهنگدانیان ههیه .
نهشوان بهرزنجى




