دایکە شەهیدێک شیرینی بۆ سەربەخۆییی کوردستان بەخشییەوە
هەولێر-KDP.info- دایكی شەهید شیرینی دەبەخشێتەوە و دەڵێت، ئەمڕۆ جەژنە مەزنەكەی گەلی كوردە، دوای ئەو هەموو تاڵییە، ئیدی من دەمەوێت شیرینی ببەخشم، چونكە خۆری ئێمە وا هەڵهات و ئەمڕۆ ڕیفراندۆمە و پاش ئەو سەربەخۆیییە.
(ئامینە عومەر)، دایكە شەهید و پێشمەرگەی شاخ، لە نێو بنكەكانی دەنگداندا لە شاری هەولێر شیرینیی دەبەخشێتەوە و، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەڵێت: ''من ناندەر و نانكەری پێشمەرگە بوومە و خۆیشم پێشمەرگە بوومە، برا و باب و كوڕ و مامم شەهیدە. ئەمڕۆ جەژنە مەزنەكەی گەلی كوردە، ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە، كە خوێنی ڕۆڵەكانمان بەزایە ناچێت.''
ئەم دایكە شەهیدە ڕوونیشی كردەوە: ''دووای ئەو هەموو تاڵییە، ئیدی من دەمەوێت شیرینی ببەخشم، چونكە خۆری ئێمە وا هەڵهات و ئەمڕۆ ڕیفراندۆمە و پاش ئەو سەربەخۆیییە. تاكە چارەمان بوون بە دەوڵەتە، ئەمڕۆ ڕۆژی لەدایكبوونی ئەم دەوڵەتەیە.''
جەختیشی كردەوە: ''هەر كوردێك شەرەفی هەبێت و ڕێز لە شەهید و قوربانیانی كوردستان بگرێت، ئەمڕۆ ڕوو لە سندووقی دەنگدان دەكات و بە بەڵێیەكەی كوردبوونی خۆی دەسەلمێنێت.''
سەرباز واحد




