٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پۆلیسی هه‌ولێر: تەقەی خۆشی قه‌ده‌غه‌یه‌

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات تا ئێستا لە هەندێ بنکەی دەنگدان لە شاری هەولێر ڕێژەی بەشدارییان لە 70% بۆ 80% بووە و، هاوکات داواش لە هاووڵاتییانی شاری هەولێر و دەوروبەری دەکات، خۆیان بە دوور بگرن لە تەقەکردن، چونکە بە پێی یاسا ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە.

لیوای مافپەروەر، (عەبدولخالق تەڵعەت)، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: ''لە کاتی کردنەوەی دەرگای بنکەکانی دەنگدان لە شاری هەولێر و دەورووبەری بە ڕووی دەنگدەراندا، هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕووی نەداوە و پرۆسەکە بە ئارامی بەڕێوە دەچێت، ئەوەش بەرهەمی گشت هێزە ئەمنییەکانی شارەکەیە بۆ پاراستن و ڕێکخستنی هاووڵاتییان لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا.''

ناوبراو بە هیوایە ئەو هاووڵاتییانەی تا ئێستا نەچوونەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان بڕۆن و دەنگی خۆیان بدەن: ''ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە، چونکە بە دەنگی هاووڵاتییانمان پرۆسەیەکی گرنگی وەک ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی گەلەکەمان یەکلا دەبێتەوە، بە هیوام ئەو هاووڵاتییانەی تا ئێستا نەچوون، بڕۆن دەنگی خۆیان بدەن.''

لە شاری هەولێر و دەورووبەریدا 420 بنکەی دەنگدان هەن، لیوای مافپەروەر ئاشکرای دەکات: ''لە هەندێ بنکەکانی ناو شار و دەوروبەریدا ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لە 70% بۆ 80%ـە، چاوەڕێش دەکرێت تا ئێوارە ڕێژەی دەنگدەران زیاتر بەرز بێتەوە.''

لەمەڕ دەربڕینی خۆشحاڵیی هاووڵاتییانی شارەکە، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر گوتیشی: ''داواکارم لە هاووڵاتییانی خۆشەویستی شاری هەولێر و دەورووبەری، خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەم ڕۆژە مێژووییە، لە ڕێی ئاهەنگگێڕانەوە بێت، نەک تەقەکردن، چونکە دەبێتە هۆکاری ئاژاوە و هەر کەسێک لە هەر پلە و پایەیەک بێت، ئەگەر تەققە بکات، ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە و ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەردا دەگیرێتە بەر.''

خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار