٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هاووڵاتیانی سۆران: بەڵێمان هەڵبژارد بۆ سەربەخۆییی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info
 
سۆران-KDP.info- ئەمڕۆ لە سەعات ٨ی بەیانییەوە هاووڵاتییانی قەزاكانی سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و ڕواندز، بە جلوبەرگی کوردییەوە گوتویانە بەڵێ. وەک دەنگدەران ئاشکرای دەکەن، نۆرەیان بۆ بەڵێ گرتووە.
 
دەنگدەران لە سنووری سۆران ده‌ڵێن، نۆرەیان بۆ دەنگی بەڵێ گرتووە و لە شەودا نەخەوتوون بۆ ئەوەی ئەو ڕۆژە ببێنن، کە دەنگ بە سەربەخۆییی کوردستان بدەن. 
 
(كاروان ڕەسووڵ)، دەنگدەرە لە سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''شەوی ڕابردوو تا بەیانی لە خۆشیاندا نەخەوتووین، بەیانییش زوو ڕوومان لە بنکەی دەنگدان کرد، بەڵێمان هەڵبژارد بۆ سەربەخۆییی کوردستان.''
 
ئافرەتان شانبەشانی پیاوان دەنگی خۆیان بۆ سەربەخۆیی دەدەن، هەروەک هاووڵاتی، (هۆزان خۆرشید)، کە لە مێرگەسۆرە و خوشکی شەهیدە دەڵێت: ''دوو سەعات دەبوو  نۆرەمان گرتبوو، تا توانیومان دەنگی خۆمان بدەین، دەنگیشمان بە بەڵێ بوو بۆ سەربەخۆییی كوردستان، داواش لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەین، بۆ خاتری خوێنی شەهیدان دەنگ بە سەربەخۆییی كوردستان بدەن.''
 
(كەمال جاسم)یش، کە هاووڵاتییەكی شارۆچكەی ڕواندزە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: ''ڕواندزییەكان جلی كوردییان پۆشیوە و ئەمڕۆیان كردووەتە جەژن و، بە كەیف و خۆشی ڕوویان لە بنكەكان كردووە بۆ ئەوەی دەنگ بدەن.''
 
هاوکات (قادر ڕزگار)، خەڵكی شارۆچكەی چۆمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''خەڵكی چۆمان لە شۆڕشەكانی ئەیلوول و گوڵانەوە قوربانییان داوە بۆ سەربەخۆیی، ئەمڕۆش بە بەڵێ ئەو خەبات و شۆڕشە تەواو دەكەین، تەماشای هەر بنكەیەك بكەی خەڵك دەستە دەستە دەچنە سەر سندووقەكان و دەنگی خۆیان دەدەن، داواش لە خەڵك دەكەین و ڕوو لە سندووقەكان بكەن و بە بەڵێ دەنگی خۆیان بدەن.''
 
ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار