گوتەبێژی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی سلێمانی: هاووڵاتییان لە کەشێکی ئارامدا سەرقاڵی دەنگدانن

سلێمانی-KDP.info- گوتەبێژی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی سلێمانی، ئاماژە بە ڕێکارە ئەمنییەکانیان دەکات و دەڵێت، هاووڵاتییانی قەزا و ناحیەکانی شارەکە سەرقاڵی دەنگدانن.
رائید (ئیقباڵ محەمەد)، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی شاری سلێمانی، لە لێدوانیکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: ''هێزەکانمان وەک هەموو شارەکانی تری کوردستان هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ پرۆسەی دەنگدانی ڕیفراندۆم کردووە و خۆشبەختانە پرۆسەکە لە ناوچەکانمان زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێت.''
گوتەبێژەکە ئەوەیشی گوت: ''لە سەر بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە کاتژمێر ٨ی سەرلەبەیانییەوە بنکەکانی دەنگدان بە ڕووی دەنگدەرانی قەزا و ناحیەکانی شاری سلێمانیدا کراونەتەوە و، هەر لە وادەی کردنەوەی دەرگای بنکەکان بە ڕووی دەنگدەراندا، هاووڵاتییان سەرقاڵی دەنگدانن، تاوەکو چارەنووسی خۆیان لەم ڕۆژەدا دیاری بکەن.''
خێڵان بەختیار




