بنكەكانی دەنگدان جمەیان دێت، هاووڵاتیان: داهاتووی كوردستان دیاری دەكەین
هەولێر -KDP.info- پەیامنێری ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر دەڵێت، بنکەکانی دەنگدان لە هەولێر جمەیان دێت و دەنگدەرانیش دەڵێن، نۆرەمان گرتووە و ئەوانەیشی دێنە دەرەوە دەنگیان بەڵێ بووە.
نزیکەی ٣ سەعات و نیوە بنكەكانی دەنگدان لە شاری هەولێر بە ڕووی دەنگدەراندا كراوەیە و تا ئێستا بە بەردەوامی سەرە بەستراوە، هاووڵاتییان بە گوڕ و تینێكی زۆرەوە و بە ئاڵای كوردستانەوە ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان دەكەن.
دەنگدەر، (بەهزاد كوردە) لە هەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: ''دەنگم بە بەڵێ داوە و من و خانەوادەكەم بە یەكەوە هاتووین، هەر پەرۆش بووین، تا هەرچیی زووە دەنگ بە بەڵێ بدەین.''
(ڕەسووڵ محەممەد)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: ''ئێمە میللەتێكین زۆرمان دەرد و جەفا دیوە و زۆرمان لێ كوژراوە، ئەمە ئەو ڕۆژەیە كە بە دەنگەكانمان خوێنی شەهیدان بە زایە نادەین و كوردستان دەكەینە دەوڵەت.''
(محەمەد كەریم)ـی دەنگدەریش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: ''دەنگم بە بەڵێ داوە، هەرچەندە سەرەیەكی زۆرم گرت تا دەنگم دا، بەڵام زۆر دڵخۆشم، كە دەبینم كوردستانیان وا بە گوڕ و تینەوە ڕوو لە سندووقەكان دەكەن و بە بەڵێیەكانیان داهاتووی كوردستان دیاری دەكەن.''
سەرباز واحد




