٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمیسیۆن: ڕێژەی بەشداریکردن لە كه‌ركووك بۆ دەنگدان به‌ ڕاپرسیی سه‌ربه‌خۆیی بەرزە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- بەرپرسێکی باڵای کۆمسیۆن لە کەرکووک دەڵێت، ڕێژەی دەنگدان لە کەرکووک بەرزە و هەموو نەتەوەکانی کەرکووک بەبێ جیاوازی لە دەنگداندا بەردەوامن.

(دڵسۆز ڕەزا عەباس)، جێگرێ سەرۆکی فەرمانگەی ھەڵبژاردنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سەعات 8ی بەیانی دەرگای بنکەکانی دەنگدان لە شاری کەرکووک و سنووری پارێزگاکە کراونەتەوە و پڕۆسەی ڕیفراندۆم دەستی پێ کردووە، ھاووڵاتییان سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان بدەن و بەشداری لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمدا بکەن، ئەوەی ئێمە تێبینیمان کردوە ھەموو پێکھاتەکانی کەرکووک  بەبێ جیاوازی وەک یەک لە ڕیفڕاندۆمدا بەشداری دەکەن و ھیچ کێشەیەک ڕووی نەداوە لە سنووری کەرکووک.''

لە سنووری پارێزگای کەرکووکدا، 33 بنکەی لاوەکی و 243 بنکەی سەرەکی دەنگدان و  5 ھەزار فەرمانبەر ھەن و 500 ھەزار کەسیش مافی دەنگدانیان ھەیە، جگە لە سنووری قەزای حەویجە، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی تیرۆریستانی داعشدایە.

(دڵسۆز ڕەزا) ئاماژەیشی دا: ''تا ئێستا بۆمان ڕوون نییە ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران چەندە، بەڵام ڕێژەی بەشداریکردن لە کەرکووک و دەوروبەری بەرزە و سەرقاڵییەکی زۆر لە بنکەکانی دەنگداندا دروست بووە، خەریکە کۆنتڕۆڵکردنیان لەدەست تیمەکانی ئێمە دەردەچێت، لەبەر ئەوەی خەڵکی کەرکووک زیاتر بەشدارییان ھەیە لە پڕۆسەکەدا و ئێمەش خەریکی ئەوەین تا ئێوارە بەبێ ھیچ کێشەیەک پڕۆسەکە کۆتایی بێنین.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار