جەماوەری هەولێر پێشوەختە بڕیاریان لە چارەنووسیان داوە، بە گەرمی دەچنە دەنگدانەوە
هەولێر-KDP.info- جەماوەری هەولێر ئەمڕۆ بە حەماسێکی گەرمەوە ڕوویان کردە سەر سندووقی دەنگدان و چارەنووسی خۆیان بۆ سەربەخۆییی کوردستان هەڵدەبژێرن.
ئێستا لە هەولێر خەڵکی بە حەماسەوە ڕوویان لە سندووقی دەنگدان کردووە و دەنگ بە سەربەخۆیی دەدەن. بە گوێرەی زانیاریی پەیمامنێری ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، خەڵکی پێشوەختە بە حەماسێکی گەرمەوە دەڵێن، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی و، ئەوانەی کە لە دەنگدان دێنە دەرەوە دەڵێن، سەربەخۆییمان هەڵبژارد.
سەبارەت بە بنەکەکانی دەنگدان لە هەولێر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هەولێری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، (ئارام برادۆستی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئامادەباشییەكی زۆرمان بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆم كردووە. لە سنووری پارێزگای هەولێر، (53) بنكەی سەرپەرشتیی بنكەكانی دەنگدانمان هەیە لەگەڵ (501) بنكەی دەنگدان. سەرجەم بنكەكانیش لە كاتژمێر 8ی بەیانییەوە بە ڕووی دەنگدەراندا كراوەن. تا ئێستاش هیچ كێشەیەك لە كردنەوەی بنكەكاندا نەبووە. جگە لەمەش ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت بەڕێوە دەچێت و (98) بنكەمان بۆ تایبەتەكان هەیە، كە تایبەتن بە دەنگدانی سەربازی بۆ برا پێشمەرگەكان بە درێژاییی سەنگەرەكانی كوردستان و، دەنگدەرە مەرجدارەكان، كە ئەویش بۆ كارمەندانی نەخۆشخانەكان و گرتووخانەكانە، لەگەڵ دوو بنكەی كەمپەكان .''
(ئارام برادۆستی) ئاشكرایشی كرد: ''ملیۆنێك و 147 هەزار كەس لە پارێزگای هەولێر مافی دەنگدانیان هەیە. ئەمە جگە لە دەنگدەرە مەرجدارەكانیش.''
ئاماژەیشی دا: ''لە كاتی بوونی هەر كێشەیەكی دەنگدەراندا، ئێمە بە گوێرەی یاسا ئاسانكاری دەكەین، بۆ ئەوەی هەموو دەنگدەران بتوانن دەنگ بدەن.''
سەرباز واحد




