روونکردنەوەیەک لە پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان

ههولێر-KDP.info- پهرلهمانی كوردستان له ڕوونكردنهوهیهكیدا بۆ ئهنجوومهنی ئاسایشی نهتهوه یهكگرتووهكان جەخت دهكاتهوه، ڕیفراندۆمی دیموکراسی و دەستووری و یاساییی گەلی کوردستان لە عێراقدا، دەبێتە فاکتەرێکی ئیجابی بۆ ئاشتی و تەنایی لەنێوان گەلانی عێراق و ناوچەکەدا و وێستەگەیەکی بنیاتنەر دەبێ بۆ پاراستنی سەقامگیری و هێنانەدیی دیموکراسی. هاوكات سوپاسی کۆمەڵی نێودەوڵەتی دهكات بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی مانابەخش و بەرهەمدار لەنێوان هەولێر و بەغدا و نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵی دەولی بۆ چارەسەری کێشەکان و رێکكەوتن لەسەر پرسەکانی جێگای بایەخی هەردوولا بەرز دەنرخێنێ.
دهقی روونکردنەوەیەک لە پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان:
رێزداران ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان
مافی چارەنووسی گەلان پرهنسیپ و رێسایەکی سەرەکیی چارتی نەتەوە یەکگرتووەکانە، ریفراندۆم ئەو چەمکەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە مانا و دەلالەتە دیموکراسییە مرۆڤدۆستییەکانی لە ساڵی 1952ەوە بۆ سەرخۆبوونی گەلان بڕیاری بۆ دەرکردووە.
ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی نوێنەرە تایبەتەکەیەوە (یان کوبیش) راپۆرتێکی تایبەتیی پاڵپشت بە بڕیاری 2299/2016 لەسەر بارودۆخی عێراق و کوردستان لە ڕۆژی 11/ 7/2017 نووسیبوو، پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی کردبوو، کە پرسی ریفراندۆمی کوردستان بابەتێکی سەرەکی بوو تێیدا.
لە دانیشتنی رۆژی 17/7/2017 ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئامادەبوونی 15 ئەندام و بەشداریی نوێنەری عێراق، بەڕێز نوێنەری تایبەتیی ئەمینداری گشتی راشکاوانە پرسیاری ریفراندۆمی خستەڕوو، کە دەڵێ (ئایا دەتەوێ هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟).
بێدەنگیی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رووسیا، فەرەنسا، بهریتانیا، چین، سوید، ئیتاڵیا، ژاپۆن، کازاخستان، پۆلیڤیا، میسر، سنیگال، ئۆرۆگوای، ئەسیوبیا، بە بەشداریی عێراق وەک دەوڵەتی پەیوەندیدار)، مانایەکی ئیجابیی دەبەخشی.
هەروەها، هەروەک لە ڕاپۆرتەکەتاندا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی نوێنەرانی عێراق ئەوە دەڵێن کە کات گونجاو نییە و ئەگەری کاردانەوەی هەرێمیی هەیە.
دوابڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش 2367 لە 14ی تەمموزی 2017دا لەگەڵ هەموو چەمکە یاساییە نێودەوڵەتی و دەستوورییەکان کە لە بڕیارەکەدا هاتووە و هاوکات لەگەڵ پاراستنی مافی دیموکراسی و یاسایی خەڵکی کوردستان، پابەندبوونی خۆمان و خواستەکانی دووپات دەکەینەوە و، داواکارین لەگەڵ کۆمەڵی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی کارا و، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، بۆ شەراکەتی هاوپەیمانی راستەقینە بۆ هاوکاری و یارمەتیدانی یەکتر بۆ رێکكەوتن لەسەر پرسەکانی جێگای بایەخی هەردوولا (هەولێر لەگەڵ بەغدا)، هەماهەنگ بین و لە گفتوگۆی بەردەوامدا بین.
لە 21ی ئەیلوول کە ڕۆژی ئاشتیی نێودەوڵەتییە لە ئاستی جیهانیدا و نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی گەشەپێدان و نموونە باڵاکانی ئاشتی لەنێوان گەل و نەتەوەکاندا ئەم رۆژەی دیاری کردووە، لە هەمان رۆژدا راگەیێنراوی رۆژنامەوانیی ئەنجوومەنی ئاسایش هەیە لە 21/9/2017 کە تایبەتە بە ڕیفراندۆمی کوردستانی عێراق، ناوەڕۆکەکەی مایەی سەرنجە و، دەڵێین:
1- ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لە ڕێگەی ئەوانیش کۆمەڵی نێودەوڵەتی دڵنیا دەکەینەوە، کە ڕیفراندۆمی دیموکراسی و دەستووری و یاساییی گەلی کوردستان لە عێراقدا، دەبێتە فاکتەرێکی ئیجابی بۆ ئاشتی و تەنایی لەنێوان گەلانی عێراق و ناوچەکەدا و وێستەگەیەکی بنیاتنەر دەبێ بۆ پاراستنی سەقامگیری و هێنانەدیی دیموکراسی.
2- دەسەڵاتە فەرمییەکانی کوردستان و خەڵکی کوردستان، ئەنجوومەنی ئاسایش و دەوڵەتانی هەرێمی و رۆژهەڵاتی ناوین و ئەورووپا و جیهانی ئازاد و دیموکراسی و هاوپەیمانی دژی داعش دڵنیا دەکەنەوە، کە رۆڵە جوامێرەکانی گەلی کوردستان (پێشمەرگە) بە هێز و باوەڕەوە، لە سەنگەری دژی داعش دەجەنگن و وەک ناوتان هێناوە هێزی یەکلاکەرەوەی بەردەوام دەبن بۆ جەنگی دژی تیرۆر.
3- هەموو جیهان دەزانێ کە هەموو ئەوانەی لە شەڕی مەزهەبی و تائیفی و ئایینی و نەتەوەیی لە هەموو پێکهاتەکان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەرکراون، کوردستان بۆتە لانکەی ئاشتی و ئارامی بۆیان، هەموو ئەوانەی بەهۆی شەڕ و تاوانەکانی داعشەوە پەڕاگەندە بوون کوردستانیان هەڵبژاردووە تا ژیانی تێدا بکەن و شکۆیان تێدا پارێزراو بێ، بۆیە کوردستان ئامێزی ئارام دەبێ بۆ مانەوە و حەسانەوە، یان گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان، دەسەڵاتە فەرمییەکانی کوردستان لە هەموو روویەکەوە هاوکار و پشتیوانیان دەبێ و کوردستان ماڵی خۆیانە.
4- گەلی کوردستان چاوی ئومێدی لە نەتەوە یەکگرتووەکانە وەک پارێزەری ئاشتی و تەنایی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان، پابەندبوونی خۆمان بە چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان و پرهنسیپەکان و رێککەوتننامەکانی یاسای گشتیی نێودەوڵەتی دووپات دەکەینەوە، جەخت دەکەین کە ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەکتێکی دەستووری و یاسایی و دیموکراسی و مرۆڤدۆستییە و سوپاسی کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی مانابەخش و بەرهەمدار لەنێوان هەولێر و بەغدا و نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵی دەولی بۆ چارەسەری کێشەکان و رێکكەوتن لەسەر پرسەکانی جێگای بایەخی هەردوولا بەرز دەنرخێنین و، هەمیشە ئامادەی گفتوگۆ و چارەسەری دادپەروەرانە و مرۆڤدۆستانەیان لەنێوان گەلی کوردستان لە سنووری مێژوویی و جوگرافی خۆی و گەلانی تری عێراقدا.
لە کۆتاییدا ئەو راستییە دووبارە دەکەینەوە، کە دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی کوردستان و گەلی کوردستان هەمیشە چاوی هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ دنیای ئازادە، تا کوردستان بتوانێ ببێتە ئەندامێکی سوودبەخشی خێزانی نێودەوڵەتی و فاکتەری سەقامگیری و ئەمنی و پێشکەوتن و دیموکراسی بێ لە ناوچەیەکی هەستیاری ناوچەکە و جیهاندا. هەروەها دڵنیاتان دەکەینەوە کە بە پشتیوانیی کۆمەڵی دەولی، سەنگەری پێشەوەی پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵهتی و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەبێ.
پەرلەمانی کوردستان
24 / 9 / 2017




