لە خورماتوو ٣٨ بنکەی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم ئامادە کراون

خورماتوو-KDP.info- بەڕێوبەری ئاسایشی دووزخورماتوو گوتی، لە دووزخورماتوو ھەموو ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کراوە و پلانێکی ئەمنیی تۆکمەش دانراوە.
(فارووق ئەحمەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە سنووری قەزای دووزخورماتوو و دەوروبەری ھەموو ئامادەکارییەک بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆم کراوە و لە تەواوی سنوورەکەدا ٣٨ بنکەی دەنگدان کراونەتەوە و ئامادەن بۆ ئەوەی سبەی خەڵک دەنگیان لێ بدات.''
بەڕێوبەری ئاسایشی دووزخورماتوو ڕوونیشی کردەوە: ''بۆ ئەنجامدانی ڕۆژی ڕیفراندۆم پلانێکی ئەمنیی تۆکمە دانراوە و ھێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە ئەمنییەت دەپارێزن و ھێزەکانی پۆلیس بەشداری ناکەن، چونکە زۆرینەیان لە پێکھاتەی عەرەب و تورکمانن، بۆیە ئەوان بەشداری ناکەن لە پاراستنی ئەمنییەتدا.''
بەڕێوبەری ئاسایشی دووزخورماتوو گوتیشی: ''لە ڕووی ئەمنییەوە پلانێکی زۆر باش دانراوە و ھێزی پێشمەرگە خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەگەری ڕوودانی ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو.''
بڵند ئیبراھیم




