دانا شەهید جەزا: لە سلێمانی ئامادەکاریی تەواو بۆ ئارامی و ئاسایش کراوە

سلێمانی-KDP.info- سەرۆکی لێژنەی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، لە ڕووی ئەمنی و ئاسایشەوە ئامادەکاریی تەواو کراوە، بۆیە ھاووڵاتییان دەتوانن بە ئارامی و ئاسایشەوە بەرەو بنکەکانی دەنگدان بڕۆن و دەنگی خۆیان بدەن
.
پەیوەست بە ئامادەکارییە ئەمنی و ئاسایشییەکانی شاری سلێمانی بۆ ڕۆژی دەنگدان، سەرۆکی لێژنەی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، (دانا شەھید جەزا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سەرجەم ئامادەکارییەکان لە شاری سلێمانی لە ڕووی ئەمنی و ئاسایشەوە ئەنجام دراون، ھیچ گرفت و کیشەیەکی ئەمنی نییە و ھێزەکان ھەموو لە ئامادەباشیدان، ھاووڵاتییانی شاری سلێمانی بە ئارامی دەتوانن بەرەو بنکەکانی دەنگدان بڕۆن و دەنگی خۆیان بدەن.''
(شەھید جەزا) گوتیشی: ''بنکەکانی دەنگدان تەواو ئامادە کراون بۆ بەیانی، (٢٥-٩-٢٠١٧)، ڕۆژی دەنگدان، کۆمسیۆن ھێزی تایبەتیان داناوە، چاودێریی بنکەکانی دەنگدان دەکەن.''
فایزە کۆیی




