لە ڕووی ئەمنییەوە ناحیەی ڕەبیعە ئامادەیە بۆ دەنگدان

ڕەبیعە-KDP.info- جیگرێ فەرماندەی پێشمەرگەکانی عەرەب لە ناوچەی ڕەبیعە دەڵیت، سبەی دەستێکیان لەسەر لوولەی تفەنگ و دەستێکیشیان لەسەر سندووقەکانی دەنگدان دەبێت؛ دەشڵێت، لە ڕووی ئەمنییەوە ئامادەین بۆ ڕۆژی ڕیفراندۆم.
(جەمیل نەسری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''پێشمەرگەکانی عەرەب، کە زیاتر لە ١٧٠٠ پێشمەرگەن، سبەی ئامادەن بۆ ڕۆژی دەنگدان و، لە ڕووی ئەمنییەوە بە هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژ و فەوجی شەمەر و ئاسایش و هەموو دەزگای ئەمنی، ئەرکەکەمان خستووەتە سەر شانی خۆمان.''
بە گوتەی بەڕێۆبەری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ناحیەی ڕەبیعە، کە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاندبوو: ''١٥ بنکەی دەنگدان لە ناحیەکە هەن و زیاتر لە ٤٣ هەزار کەسیش مافی دەنگدانیان هەیە.''
جیگرێ فەرماندەی پێشمەرگەکانی عەرەب لە ناوجەی ڕەبیعە دەڵیت: ''خەڵکی ناوچەکە ئامادەن دەنگی خۆیان بدەن و هەموو ئامادەکارییەک کراوە، تەنیا ئەوە ماوە، کە سبەی دەنگی خۆیان بدەن.''
ناحیەی ڕەبیعە ناوجەیەکی کوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە، ٦٥ کیۆمەتر لە باکووری شنگالەوە دوورە و پێسمەرگەکانی کوردستان بە خۆینی خۆیان ئەو ناوچەیان ڕزگار کردووە.
کــــاروان باعــــــەدری




