سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان تەواو بوون
__2017_09_24_h14m44s33__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی داتا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سەرجەم ئەو ئامادەکارییانەی پێویستن بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم تەواو بوون. ڕوونیشی کردەوە، ئاوارەکان ھەر لەناو کەمپەکاندا دەتوانن دەنگ بدەن و لەوێ بنکەیان بۆ دەکرێتەوە. ئەوەی تایبەتیش بێت بە ھێزی پێشمەرگە، ئێمە سندووقەکانی دەنگدان دەبەینە بەرەکانی پێشەوە و ھێزی پێشمەرگە لەوێ دەتوانن دەنگی خۆیان بدەن.
(کاروان جەلال)، بەڕێوەبەری گشتیی داتا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''سەرجەم ئەو ئامادەکارییانەی پێویستن بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم تەواو بوون، پێداویستیی لۆجستیک بەسەر ھەموو بنکەکاندا دابەش کراوە، بە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەشەوە.''
سەبارەت بەو ئاوارانەی کە لە کەمپەکاندان، گوتی: ''ھەر لە ناو کەمپەکاندا شوێنیان بۆ دابین کراوە و ھەر لەوێ دەتوانن دەنگ بدەن، ئەوانەیشی کە ئاوارەن و لە ناو شارەکاندان، لە ھەولێر ٤ بنکە دەکرێنەوە، لە خەبات و شەقلاوەش بنکە کراوەتەوە، ئەوە خەریکین لە سۆرانیش لە ناو ئاوارەکاندا بنکەیەک بکەینەوە، لە دھۆکیش ٥ بنکە بۆ ئاوارەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ دابین کراوە، لە زاخۆ و باتیفا و سەرسنگ بنکە ھەیە، لە کەرکووکیش بنکەیەک بۆ ئاوارەکان دابین کراوە، لە کەلار و کفری و سلێمانی بنکەی دەنگدان بۆ ئاوارەکان دەکرێنەوە.''
(کاروان جەلال) ئاماژەی بەوەش کرد: ''ھەموو پێداویستییەکی دەنگدان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ دابین کراوە، کە لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا ھێزی پێشمەرگە لە ناو شار دەنگیان دەدا، لەبەر ئەوەی پێشمەرگە ھەموویان لە بەرەکانی جەنگی دژی داعش وەستاون، ئێمە سندووقەکانی دەنگدان دەبەینە بەرەکانی پێشەوە و ھێزی پێشمەرگە لەوێ دەتوانن دەنگی خۆیان بدەن.''
ڕابین شێروانی




