راوێژکاری سەرۆککۆمار: هەولێر و بەغدا لە سەر گفتوگۆ بەردەوام دەبن.. ریفرەندۆم ئەنجام دەدرێت

ھەولێر-KDP.info- راوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق دهڵێ، لە کۆبوونەوەی نێوان شاندی ھەرێمی کوردستان و ھاوپەیمانی شیعەکان، لە سەر بەردەوامیدان بە گفتوگۆکانیان رێککەوتوون.
(د.عەبدوڵڵا عەلیاوەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "دوێنێ شاندێکی ھەرێمی کوردستان لە بارەی پرۆسەی ریفرەندۆمهوه سەردانی بەغدای کرد و، لەگەڵ ھاوپەیمانی شیعە و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیان ئەنجامدا و تێیدا شاندی ھەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە ریفرەندۆم ئەنجام دەدەن و ئامادەنین دوایبخەن".
(عەلیاوەیی) گوتیشی، "کە ھاوپەیمانی شیعەکان سەرەڕای ئەوەی داوای دواخستنی ریفراندۆمیان کرد، بەڵام ھەردوولا رێککەوتوون، کە گفتوگۆی نێوان ھەرێم و بەغدا لە بارەی ھەموو کێشەکان بەردەوام بێت.
ئەو راوێژکارەی سەرۆککۆمار دهشڵێ، "پرۆسەی ریفرەندۆم سبەی ئەنجام دەدرێت و برواش، ناکەم ھیچ کێشەیەک رووبدات، یاخود بەغدا کێشەیەک دروست بکات".
بڵند ئیبراھیم




