ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم، گەڵاڵەی مافی نەتەوەكانی لە دەوڵەتی کوردستاندا ڕاگەیاند

هەولێر-KDP.info- لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا كە هەموو نەتەوەكان تێیدا بەشدار بوون، ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم مافی نەتەوەكانی لە دەوڵەتی داهاتوودا ڕاگەیاند.
(خەلیل ئیبراهیم)، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم، لە كۆنفڕانسیكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "كوردستان نیشتیمانی هەموو ئایین و نەتەوەكانە و، هەر نەهامەتییەك بەسەر كوردستاندا هاتبێت، بەسەر هەموو نەتەوەكاندا هاتووە، بۆیە دەبێت هەموو نەتەوەكان لەسەر بنەمای دیموكراسی و یاسا، مافەكانیان لە دادگای فیدراڵی پێ بدرێت".
(ئیبراهیم) هەروەها گوتیشی، "مافی پێكھاتەكان لە دەوڵەتی كوردستاندا پارێزراوە و، گەڵاڵەنامەی مافی پێكھاتەكانیش لە 15 خاڵ پێكھاتووە و پەرلەمانی كوردستان پەسندی دەكات، كە دەبێتە (یاسای بنەڕەتی) بۆ دەوڵەتی داهاتووی كوردستان، بۆیە ئەو دەوڵەتەی كە بە ناوی كوردستانەوە دروست دەبێ، زۆر بەهێزتر دەبێ لەوەی كە هەموومان پێشبینی دەكەین".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم راشیگەیاند، "دەبێ گەرەنتیی فیدراڵی بۆ كوردانی ئێزدی بكرێت ئەگەر خۆیان بیانەوێت، هەروەها دەبێ گەرەنتیی پاراستنی كولتووری توركمانی، سریانییەكان و كلد و ئاشوورییەكان و عەرەب بكرێت و رێگری لە گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناچانەی كەمینەكانی تێدا دەژین بكرێت و هەروەها زمانی كوردی، توركمانی، سریانی و عەرەبی و ئەرمەنی دەبێ بەپێی یاسا رێك بخرێت، چونكە دەوڵەت بەرپرسیار دەبێ لە پاراستنی هەموو ئایین و نەتەوەكان".




