٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك: هەموو ئامادەكارییەك بۆ سبه‌ی كراوه‌ و هەموو لایەنەكانیش دوایین بڕیاریان داوە

سەرچاوە: KDP.info
 
كەركووك-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە لیستی برایەتی دەڵێت، ھەموو ئامادەكارییەك بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەو پارێزگایەدا كراوە و لە وادەی خۆیدا بەڕێوە دەچێت. گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتییش ئاماژەی دا، بە بڕیاری زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان، سبەی ریفڕاندۆم لە كاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت.
 
(فوئاد حوسێن)، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە لیستی برایەتی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە سنووری پارێزگای كەركووك ھەموو ئامادەكارییەك بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم تەواو بووە، ھیچ كێشەیەك لە ئارادا نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە و لە وادەی خۆیدا بەڕێوە دەچێت".
 
(حوسێن) گوتیشی، ئەو دەنگۆیانەی باس لەدواخستنی پرۆسەكە دەكەن، بە ھیچ شێوەیەك راست نین و، ئێمە ئامادە نین دوای بخەین و لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا پرۆسەكە ئەنجام دەدرێت".
 
لە لایەكی دیكەیشەوە، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ھەموو ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركووك كۆتاییان ھاتووە و بە بڕیاری زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان سبەی ریفڕاندۆم لە كاتی خۆیدا لە كەركووك بەڕێوە دەچێت".
 
(كەركووكی)، گوتیشی، "زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان مكوڕن لەسەر بڕیاری خۆیان بۆ ئەنجامدانی ریفڕاندۆم لە سنووری پارێزگای كەركووك و، بە ھیچ شێوەیەك پڕۆسەی ریفڕاندۆم لەو پارێزگایەدا دوا ناخرێت، هەموو لایەنەكانیش دوایین بڕیاریان داوە كە سبەی ٢٥ـی ئەیلوول ھاوشێوەی ھەرێمی كوردستان لە كەركووكیش ریفڕاندۆم بەڕێوە دەچێت و ھاووڵاتیانی پارێزگای كەركووك بەشداریی پڕۆسەكە دەكەن".
 
بڵند ئیبراھیم - قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار