قایمقامی زاخۆ: بە هۆی پەكەكەوە 50 گوندی زاخۆ ئاوەدان نەكراونەتەوە

زاخۆ-KDP.info- قایمقامی شارۆچكەی زاخۆ ڕایگەیاند، لەبەر پەكەكە نزیكەی 50 گوندی سنووری زاخۆ ئاوەدان نەكراونەتەوە و دانیشتووانەكەیشیان ناوێرن بگەڕێنەوە، چونكە پەكەكە باج و سەرانەیان لێ وەردەگرێت و توركیایش بۆردوومانیان دەكات.
(بۆتان موحسین)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "سنووری زاخۆ 140 گوند لە خۆ دەگرێت، بەڵام ئەو گوندانەی كە لەبەر پەكەكە چۆڵ كراون و خەڵكەكەیان ناوێرن بگەڕێنەوە، نزیكەی 50 گوند دەبن. پەكەكە بەردەوام كێشە بۆ خەڵك دروست دەكات و لێناگەڕێن بگەڕێنەوە و ئاژەڵەكانیان ببەنە گوند و ئاواییەكانی خۆیان، ئەگەر بشگەڕینەوە باج و سەرانەیان لێ وەردەگرن، جگە لەوەی توركیایش ناوچەكە بۆردوومان دەكات.''
قایمقامی شارۆچكەی زاخۆ گوتیشی: "خەڵكی هەموو ئەو گوندانە هاتوونەتە زاخۆ و شوێنەكانی دیكە، واتا ئاوارە بوونە، ئەگەر ئەو گوندانە پەكەكەیان لێ نەبووایە، چۆڵ نەدەكران و خەڵكەكەشیان ئاوارە نەدەبوون، گوندنشینانیش دەستیان بە كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری دەكرد، جگە لەوەی ئەو ناوچانە، ناوچەی گەشتیارینە و حكوومەت بایەخی زیاتری پێ دەدان، ئەوەیش سەرنجی گەشتیارانی ڕادەكێشا و هەم بۆ خەڵكەكە باش دەبوو و هەمیش بۆ حكوومەت.''
ڕابین شێروانی




