٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەروێز ڕەحیم: ھەڵبژاردنی ھەر سەرۆکێک لە ئێران ھیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە بۆ کوردانی ڕۆژھەڵات

سەرچاوە: KDP.info
(پەروێز رەحیم)مامۆستای کۆلێژی یاسا و زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەددین.

 

ھەولێر-KDP.info-  مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکان دەڵێت، ھەڵبژاردنی ھەر سەرۆککۆمارێک لە ئێران، ھیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی بۆ کوردانی رۆژھەڵات نییە، 11 خولی رابردووی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئێران بە باشترین بەڵگە دێنێتە بەر باس.

کۆتاییی ئەم ھەفتەیە پرۆسەی 12ـیەمین خولی ھەڵبژاردنی سەرککۆماری و ھەڵبژاردنی پێنجەمین خولی شار و گوندەکان لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە دەچێت، یەکەم خول ساڵی 1998بەڕێوە چوو، لە سەردەمی دەسەڵاتی ریفۆرمخوازان.
لە کۆماری ئیسلامی بە ھۆی جۆری سیستەمی سیاسی و دەستوور و یاساکان و ھەروەھا رۆڵی یەکلاکەرەوەی دەسەڵاتی رێبەر و ناوەندە سەروو یاساییەکان، ئەوە خەڵک نین کە قسەی کۆتایی دەکەن، بەڵکوو ئەوە رێبەری باڵای شۆڕش و دامەزراوە ھەواڵگری و سەربازییەکان وەکوو سوپای پاسداران بەپێی ئەم چەمکەی کە بە مەسلەحەتی نیزام (بەرژەوەندیی سیستەم) دەناسرێت، لە پرۆسەیەکی نادیموکراتیکدا سەرۆککۆمار ھەڵدەبژێرن. ئەمە قسەی (پەروێز ڕەحیم) مامۆستای زانکۆیە کە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی کردی و ھەڵبژاردنەکانی ساڵی 2009 بە باشترین نموونە دێنێتە بەر باسەوە، ئەو گوتی "سەرەرای نارەزایەتیی بەرفراوانی خەڵک، بەڵام کاندیدی ویستراو و خوازراوی رێبەر واتە (ئەحمەدینەژاد) بوو بە سەرۆککۆمار. بەڵام کێبرکێ لە کۆماری ئیسلامی لەناو خودی کەسە متمانەپێکراوەکانە، بۆیە لە راستیدا ئامانجی سەرەکی لە ھەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی، ھێنانی خەڵکە بۆ سەر سندووقی دەنگدان، بۆ نیشاندانی رەوایەتیی ئەم سیستەمە سیاسییە. بەمپێیە بۆ رەوایەتی وەرگرتن و چارەسەری بارگرژییەکان لە ئاست ناوخۆیی و دەرەکی و ھەروەھا رێگەگرتن لە نارەزایەتیی خەڵک، ئەگەری زۆرە (رۆحانی) بکەنەوە سەرۆککۆمار."

(پەروێز ڕەحیم) دەڵێ "بەپێی چەمکی مەسلەحەتی نیزام، بۆ ھەر گۆڕانکارییەک لە ھەڵبژاردنەکاندا، لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری لە ئێران ھیچ گۆڕانکارییەی ئەرێنی و نەرێنی بوونی نییە. بەم مانایە کە سیستەمی سیاسی لە کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکە کە دەسەڵاتە سەرەکییەکان و داڕشتنی سیاسەتە ستراتیژییەکان لەژێر دەسەڵاتی سەرۆککۆماردا نییە. بۆیە ناوەندەکانی وەکوو سوپا و دەسەڵاتی دادوەری و رێبەری باڵا دەستنیشانی پرس و بابەتەکان دەکەن، بەپێی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی ئەم سیستەمە سیاسییە."

ئاماژە بەوەی کە سەرۆککۆمار ھیچ رۆڵێکی ئەوتۆی لە چارەسەرکردنی پرسە بنچینەییەکان و بوارەکانی ئازادی و مافی مرۆڤ و ھەروەھا پرسەکانی تایبەت بە کرانەوەی سیستەم و چارەسەرکردنی پرس نەتەوەکان بە تایبەت کورد لە ئێراندا نییە و ئەمە لە دەسەڵاتەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامییە، دەربارەی کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی هەڵبژاردنەکان بەسەر دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (پەروێز ڕەحیم) دەڵێ "ئەم ھەڵبژاردنانە ھیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆ و بنەڕەتیی لەسەر کورد نابێت. بۆیە دەتوانین بەدڵنیاییەوە بڵیین کە بنەما و ناسنامەی ئەم سیستەمە سیاسییە رێگە بە کراونەوە بەسەر کورد و بەشداریی کورد لە دەسەڵات و دەستەبەرکردنی ئازادی و مافە سیاسی و مەدەنییەکانیان نادات."

 

بە کشانەوەی (ئیسحاق جەهانگیری) لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان، ئێستا پێنج کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ململانێدان، سەرکەوتنی کام کاندید لە بەرژەوەندیی کوردانی ڕۆژھەڵات دەبێت؟، پرسیارێکە و ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەکان لە وەڵامدا دەڵێ: "بەپێی جۆری سیستەمی سیاسی ئێران و چۆنییەتی دابەشکردنی دەسەڵات لە ئێران و ناسنامەی سیاسیی ئەم سیستەمە، ھیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی بۆ کورد نییە. باشترین بەڵگەش 11خولی رابردووی سەرۆکایەتیی کۆمارە لە ئێران. تەنانەت ئەو کەسانەی کە لە ئێران بە ریفۆرمخواز دەناسرێن، زۆربەیان لە کوردستان بوونە و بەشدار بوونە لە سەرکووت و چەوسانەوەی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان. بە شێوەیەکی گشتی ھەموو باڵەکانی کوماری ئیسلامی لەسەر بەئاسایشی دیتنی پرسی کورد، ھاوھەڵوێستن و یەک روانگایان ھەیە، کە پرسی کورد ھەڕەشە لە یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی ئێران دەکات. پرسی کورد پەیوەندی بە دیموکراسیبوونی ئەم سیستەمە سیاسییە و پرسی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیشەوە ھەیە. بۆیە تا کاتێک ئەم سیستەمە سیاسییە دەسەڵاتدار بێت من ھیچ ھیوایەک بە چارەسەری پرسی کورد لە ئێران نابینم."

ئەو دەڵێ "تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی تاراوگەنشینی کۆماری ئیسلامیش کە لەدەرەوەی ئیرانن و دژی ئەم سیستەمە سیاسییەن، لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسەتی ناوەندیی ئێران لەھەمبەر پرسی کورد ھاوڕان کە پرسی کورد بۆ تاران مەترسییە و ئەکە پرسیکی ئاسایشییە".

ڕاگەیاندنی راپرسیی هەرێمی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ پڕۆپاگندەی هەڵبژاردنەنکانی ئەو وڵاتە و، کاربەدەستانی دژبەریی ئێرانیان بەرانبەر بە ڕاپرسی و ھەنگاو بەرەو سەربەخۆییی باشووری کوردستان نەشاردووەتەوە، لەم سۆنگەیەوە پڕۆپاگندەکانی هەڵبژاردنەکان لە ئێران و سەرکەوتنی یەکێک لەو پێنج کاندیدە چ لەو ڕوانگا یاخوود دژبەرییە دەگۆڕێ یاخوود نا، (ڕەحیم) لەوبارەوە گوتی "بەدڵنیاییەوە ئەمە پرسێکی ئاسایشی و ستراتیژییە کە رێگە بەدەوڵەتبوونی کورد بە گشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەت بگرن. ئەمە لە پرسە باڵاکانی ئەم سیستەمەیە کە دەکەوێتە چوارچێوەی داڕێژراوی ئاسایشی نەتەوەییی کۆماری ئیسلامی و روانگای نوخبە سیاسی و ئاسایشییەکانی ئەم سیستەمە سیاسییە. بەڵام ئەزموون نیشانی داوە کە ئەگەر بەدەوڵەتبوونی کوردستان لە دەرەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بێت و ببێتە ئەمرێکی واقع، ئەوا مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن. بەڵام لە ھەر حاڵەتێکدا بە مەترسی دەزانن و ھەوڵی کۆنترۆڵکردن و لاوازکردن و سنووردارکردنی ئەم دەولەتە دەدەن. بەدەوڵەتبوونی ھەرێمی کوردستان زۆر لە ھاوکێشە ستراتیژی و جیۆئێکۆنۆمی و جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە لە زیانی ئێران دەگۆڕێت و ئێران ئەمە باش دزانێت. ھەرچەندە ھەرێمی کوردستان چەندین جار دڵنیایی ئەوەی داوە کە دەوڵەتی کوردستان ھەڕەشە نییە بۆ سەر ھیچ وڵاتێکی ناوچەکە و فاکتەرێکی سەقامگیرییە، بەڵام بەھۆی دژایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی سوننە و ھەروەھا ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەوا کۆماری ئیسلامی دڵەراوکێی لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان ھەیە. لەلایەکی تریشەوە بوونی زیاتر لە 12 ملیۆن کورد لەو بەشەی کوردستان کە لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە، ئەوانی نیگەران کردووە."

پەیوەست بە ئاستی پێوەندیی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووریی نێوان ھەولێر و تاران، کە ئایا پاش هەڵبژاردەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت یان نا؟، (ڕەحیم) دەڵێت: "ئەگەر ھەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوخۆیی بەھێز بێت ئەوا بەدڵنیاییەوە تارانیش مامەڵەیەکی باشتر لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکات. بەڵام ئەگەر لە ئاستی ناوخۆیی پەرتەوازە و نایەکگرتوو و پر لە کێشە و بارگرژی بێت، ئەوا کۆماری ئیسلامییش ھەر بەو شیوەیە مامەڵە لەگەڵ ھەولێر دەکات. بۆیە ئەوە پەیوەندی بە  گۆڕانکارییەکانی ناوچەیی و ھەروەھا ناوخۆیی عێراق و  ھەرێمی کوردستان و پێگەی ئێران لە ناوچەکەوە ھەیە. لەم ھاوکێشەیەدا نابێت رۆڵی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی پشتگوێ بخەین. بەڵام گرینگترین فاکتەر ھێز و بارودۆخی ناوخۆییی ھەرێمی کوردستانە."

فایزە کۆیی
 

هەواڵی پەیوەندیدار