٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەكێتیی زانایان: لێدوانی وەقفی شیعیی عێراقی، هەڵقوڵاوی هەستێكی نابەرپرسیارانەیە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، لە روونكردنەوەیەكدا لەبارەی لێداونەكانی سەرۆكی وەقفی شیعیی عێراقی، ڕایدەگەیێنێت، ئەم لێدوانە هەڵقوڵاوی هەستێكی نابەرپرسیارانەیە بەرانبەر دۆخی برایەتی و پێكەوەژیان و، بە هەموو شێوەیەك رەتی دەكەنەوە.

ئەمەیش دەقەكەیەتی:

بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

ماوەی چەند رۆژێكە وتارێكی سەرۆكی وەقفی شیعی بڵاو كراوەتەوە كە، تێیدا بە روونی شەڕكردن دژی مەسیحی و سابیئە و پێكهاتەكانی تری عێراق حەڵاڵ دەكات، لە رۆژگاری ئەمڕۆی پڕ لە نەهامەتی و شەڕی تیرۆریستان، بە ئەركێكی زیاتری ئایینی و مرۆڤانەی خۆمانی دەزانین روونكردنەوە لەسەر قسەكانی بدەین:

یەكەم: تا ئێستا هیچ حكوومەتێكی عێراقی بەم شێوەیە بیری نەكردووەتەوە، تا ئەوەی حكوومەتی دیكتاتۆر و خوێنڕێژی پێشووی بەعسی عێراق، وێڕای ئەوەی خوێنی كورد و زۆربەی هاووڵاتیانی عێراقی دەڕشت، بەڵام هێشتا هەڵوێستە دوژمنكارانەكەیان بەرانبەر پێكهاتە ئایینیەكانی تری وەك مەسیحی و سابیئەكان.... نەگەییشتبووە ئەو ئاستە، ئەمەیش حكوومەتی عێراق و مەرجەعەكانی شیعە دەخاتە بەردەم بەرپرسیارەتییەكی گەورەوە.

دووەم: ئەم لێدوانە هەمان رێچكە و رێبازی تیرۆریستانی داعشە، كە ماوەی دوو ساڵە بووەتە مایەی رشتنی خوێنی گەلانی عێراق و خاك و ماڵیان خاپوور و وێران دەكرێت، بۆیە ئەگەر رێگە لە بەردەم ئەو هەڵمەتە توندڕۆییە نەگیرێت، ئەوا ئاییندەیەكی رەشتر چاوەڕوانی عێراق دەكات.

سێیەم: ئەو پەیامە تەواو پێچەوانەی پەیامی رەحمەتی پێغەمبەری ئیسلامە، كە دەیفەرموو ئەوەی ئازاریان بدات وەكو ئەوەیە ئازاری منی دابێت، من دەبمە پارێزەریان، كردبوویە ئەركی موسڵمانان دیفاع لە ئازادیی ئایین و گیان و ماڵیان بكەن، یەكەمین پەیماننامەی نووسراوی بۆ پێكەوەژیان مۆر كرد.

چوارەم: بوونی ئازادیی پێكەوەژیان لە جیهانی ئیسلامیدا شتێكی نوێ و تازە نییە، بەڵكوو هەر لەگەڵ هەڵاتنی یەكەمین تیشكی خۆری ئیسلام پێكەوەژیان لە وڵاتانی ئیسلامی هەیە و، كەم وڵاتی ئیسلامی هەیە ئایین و مەزەبە جیاوازەكانی تێدا نیشتەجێ نەبن، بۆیە ئەم كارە تەواو نامۆیە بە جیهانی ئیسلامی.

پێنجەم: لێرەوە تەواوی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزەبییەكان دڵنیا دەكەینەوە، ئەم لێدوانانە هەڵقوڵاوی هەستێكی نابەرپرسیارانە بەرانبەر دۆخی برایەتی و پێكەوەژیان و بە هەموو شێوەیەك رەتی دەكەینەوە، داوایش لە هەموو لایەك دەكەین نەكەونە ژێر كاریگەریی ئەم جۆرە وتارانە كە ئەوە چەندین ساڵە لە ماڵوێرانی بەو لاوە هیچ خێروبێرێكیان بۆ عێراق نەبووە.

 

یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان

16/5/2017

هەواڵی پەیوەندیدار