عەباس غەزالی: پارتی زۆر ڕژدە لە چارەكردنی كێشە و قەیرانەكانی هەرێم
__2017_05_15_h17m36s48__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، پارتی و یەكێتی دەتوانن بە یەكەوە زۆر كار بكەن بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، ئێستاش گەلی كورد بەرەو ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت، لەگەڵ ئەوەی پارتی هەر لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ ئامانجی خزمەتكردنی گەلی كورد بووە، هەربۆیە زۆر ڕژدە لە چارەكردنی كێشە و قەیرانەكانی هەرێم.
(عەباس غەزالی)، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''پارتی و یەكێتی دەتوانن بە یەكەوە زۆر كار بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەن، وەك چۆن لە ڕابردوودا زۆر كاریان پێكەوە كردووە، كە جێگەی خۆشحاڵیی خەڵكی هەرێمی كوردستان بووە، ئێستاش گەلی كورد بەرەو ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت، زۆر پێویستە ئەو دوو لایەنە زیاتر خۆیان لێك نیزیك بكەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ ڕێیەكی دیكەمان لەبەردەم نییە، هەر دەبێت بە یەكەوە بن بۆ چارەكردنی كێشەكان تا گەلی كورد بە ئامانجەكانی خۆی دەگات.''
(عەباس غەزالی) گوتیشی: ''پارتی هەر لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ ئامانجی خزمەتكردنی گەلی كورد بووە، بۆ ئەوەی گەلی كورد بە ئامانجەكانی خۆی بگات، قوربانییەكی زۆریشی لەو پێناوەدا داوە، نایەوێت ئەو قوربانیدانە هەر وا بچێت، بۆیە ئەوەی لە بەرژەوەندیی گەلی كورددا بێت، دەیكات و پارتی زۆر ڕژدە لەسەر چارەكردنی كێشە و قەیرانەكانی هەرێم، هەر لەبەر ئەوەش بەردەوامە لەسەر نەرمینواندن بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی هەرێم، بە سینگێكی فراوانەوە ڕووی لە لایەنەكان كردووە، ئەوەی پێی بكرێت، دەیكات بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی هەرێم، لەگەڵ ئەوەی بەردەوام داوا لە لایەنەكان دەكات، بێنە پێشەوە و لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن، بۆ چارەكردنی كێشەكانی هەرێم، كە ئەوەش گەورەترین نەرمینواندن و قوربانیدانی پارتییە.''
ڕابین شێروانی




