ئەمەریکا پشتگیریی هه‌ر هه‌نگاوێك دەکات پرۆسه‌ی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان سه‌قامگیر بكات

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان، (برێت مه‌كگۆرگ) نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ شه‌ڕی دژی داعش، پشتگیریی خۆیانی بۆ هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌ربڕی كه پرۆسه‌ی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان سه‌قامگیر بكات و دیالۆگ له نێوان پێكهاته‌كان له‌سه‌ر كێشه‌كان به‌ر‌ده‌وامی هه‌بێت.
ئێواره‌ی یه‌كشه‌ممه 14-5-2017، (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له (برێت مه‌كگۆرگ) نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ شه‌ڕی دژی داعش و شاندێكی یاوه‌ری كرد، كه له هه‌ریه‌ك له باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عیراق و كۆنسووڵی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ولێر پێكهاتبوو.
له دیدارێكدا شاندی میوان ده‌ستخۆشییان له حكوومه‌ت و پێشمه‌رگه كرد بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی به‌م دواییانه به‌سه‌ر تیرۆردا تۆماریان كردووه و هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عیراقیان بۆ بنه‌بڕكردنی تیرۆر له مووسڵ و ده‌وروبه‌ری به‌رز نرخاند، هه‌روه‌ها به ڕێزه‌وه سه‌یری هاوكاریی حكوومه‌ت و خه‌ڵكی كوردستان بۆ پێشوازیكردن له ئاواره و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر ده‌كه‌ن و به‌رده‌وامیی هاوكارییه سه‌ربازی و مرۆییه‌كانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه.
سه‌باره‌ت به بارودۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش، پشتگیریی خۆیان بۆ هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌ربڕی كه پرۆسه‌ی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان سه‌قامگیر بكات و دیالۆگ له نێوان پێكهاته‌كان له‌سه‌ر كێشه‌كان به‌ر‌ده‌وامی هه‌بێت. ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر واشنتۆنیش، ئاماژه‌یان به‌وه دا كه په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵ له نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه و حكوومه‌ت و خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكا خوازیارن ئه‌و په‌یوه‌ندیانه به‌رده‌وامییان هه‌بێت.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه و تێبینییه‌كانی شاندی میوان و پاڵپشتییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌كردنی كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كرد و داوایشی كرد په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و واشنتۆن زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه ببرێن.
دووپاتیشی كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆری له‌خۆ گرتووه و له چه‌ند مانگی ڕابردوویشدا زیاتر له سیوپێنج هه‌زار برینداری شه‌ڕی ئازادكرنه‌وه‌ی مووسڵ له سوپای عیراق له هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر كراون، به‌ڵام له‌لایه‌ن به‌غداوه هاوكاریی پێویست بۆ ئه‌و بواره نه‌بووه.
سه‌باره‌ت به ڕه‌وشی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش (نێچیرڤان بارزانی) ئاماژه‌ی دا كه دیالۆگێكی جیددی له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌كردنی كێشه ناوخۆییه‌كان هه‌یه.
تاوتووکردنی بارودۆخی ئه‌منیی ناوچه‌كه و چاره‌كردنی كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.




