٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ڕەنگە لە کۆی ١١٠ ھەزار کەمئەندام تەنیا ٧٠ ھەزاریان لە پشکنین دەربچن"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-   گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، تا پێش ڕەمەزان پشکنینی کەمئەندامان تەواو دەبێت و لە کۆی١١٠ ھەزار کەمئەندام ڕەنگە تەنیا ٧٠ ھەزار کەمئەندام دەربچن، بەمەش مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت.

(ھەمزە مەغدید)، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پشکنینی کەمئەندامان لەناو سەنتەری شارەکان تەواو بووە و تەنیا لە دەوروبەری شارەکان ماوە و لەوانەش دەستی پێ کردووە و تا پێش مانگی ڕەمەزان ئەویش تەواو دەبێت، دواتریش ئەنجامەکان دیار دەبێت و ناوەکان بۆ ئێمە دەگەڕێتەوە، کە ئێستا بەشێک لە ناوەکان گەڕاونەتەوە و ئەوانەی دیکەش ماون.''

گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە: ''ئێمە ١١٠ ھەزار کەمئەنداممان ھەیە، کە مووچە وەردەگرن، لەوانە ٢٠ ھەزار کەسیان فۆرمیان وەرنەگرتووە و لەوانەیە نیزیکەی ٢٠ ھەزار کەسیشیان لە پشکنین دەرنەچن، بۆیە ڕەنگە ٧٠ ھەزار کەس لە پشکنین دەربچن و وەکو کەمئەندام ھەژمار بکرێن و مووچەیان پێ بدرێت.''

(ھەمزە مەغدید) ڕاشیگەیاند: ''حکوومەت مانگانە نۆ ملیار و٢٠٠ ملیۆن دینار بۆ کەمئەندامان دیاری دەکات و ئەوانەی فەرمانبەرن ٦٠ ھەزار دیناریان پێ دەدرێت و ئەوانەی فەرمانبەر نین، ٩٠ ھەزار دیناریان پێ دەدرێت، بەمەش دەتواندرێت مووچەی کەمئەندامان زیاد بکرێت، چونکە ٤٠ ھەزار کەس کەم دەبێتەوە، ئەمە قازانجی بۆ حکوومەتیش دەبێت.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار