قایمقامی سۆران: ٥٠٠ كەس دەستگیر كراون كە ویستوویانە بە قاچاخ بچنە دەرەوە
_-_Copy__2017_05_11_h14m38s54__HK.jpg)
سۆران-KDP.info- قایمقامی شارۆچكەی سۆران ڕایگەیاند، لەمەودوا ڕێكاری توندتر بەرانبەر ئەو كەسانە دەگیرێتە بەر، كە بە قاچاخ لە سنوورەكانەوە دەچنە دەرەوەی وڵات، لە ماوەی ڕابردووشدا، ٥٠٠ كەس بەو ھۆیەوە دەستگیر كراون و بەشێكیشیان دادگایی كراون.
(كرمانج عێززەت)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو كەسانەی لە سنووری ئێمەوە بە قاچاخ دەچنە دەرەوەی وڵات، جا عەرەب، یان كوردی ڕۆژئاوای كوردستان، یان كوردی باشووری كوردستان بن، دەستگیر دەكرێن و لە ماوەی ڕابردوودا ٥٠٠ كەس دەستگیر كراون.''
قایمقامی سۆران گوتی: ''بۆ ئەوەی ڕێكاری توندتر بگرینە بەر بۆ نەھێشتنی قاچاخچێتی لەو سنوورەدا، ھەریەكە لە قایمقامی سۆران، چۆمان و مێرگەسوور كۆبوونەوەیەكمان ئەنجام دا و تێیدا بڕیار درا، لەمەودوا چاودێرییەكان ورتر بن و ڕێكاری توندتریش بگرینە بەر، تا بتوانین ڕێگری لەو دیاردە بكەین، چونكە خەڵكێك لەو سنوورەوە بە قاچاخ دەچنە دەرەوەی وڵات.''
(عێززەت) دەشڵێت: ''بەشێك لەو كەسانەی دەستگیر كراون، دادگایی كراون و بەشێكیش بۆ شوێنی خۆیان ڕەوانە كراونەتەوە، بەڵام لەمەودوا ڕێكارەكان توندتر دەبن و ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و سزا دەبنەوە.''
بڵند ئیبراھیم




