ماوەی مانەوەی گەشتیارانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان لە پازدە ڕۆژەوە بۆ یەک مانگ زیاد دەکرێت
__2016_07_03_h19m30s37__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- سەرچاوەیەک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری، حکوومەت ئاسانکاری بۆ هاتنی گەشتیارانی ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان دەکات.
لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی فەرمیی ئێران (ئیرنا)، (عەبدوڵڵا ئاکرەیی) بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا ئاسانکاریی زیاتر دەکرێت بۆ هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
(ئاکرەیی) ئەوەشی بۆ ئیرنا ڕوون کردەوە کە بەپێی فەرمانەکە، ماوەی مانەوەی گەشتیارانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان لە پازدە ڕۆژەوە بۆ یەک مانگ زیاد دەکرێت و هەروەها فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بە کەمکردنەوەی تێچووی پێدانی کارتی نیشتەجێبوون و خێرایی بەخشین بە پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون بەو هاووڵاتییە ئێرانییانە کە دەیانەوێ لە هەرێمی کوردستاندا کار بکەن.




