"هاوپەیمانان لە هاوکاریکردنی پێشمەرگەدا بەردەوام دەبن"
_-_Copy__2017_05_09_h14m49s3__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- عەمید (هەڵگورد حیكمەت) دەڵێ، ئەمەریكا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و كەنەدا پێداویستیی سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرن.
عەمید (هەڵگورد حیكمەت)، بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و هۆشیاریی نەتەوەییی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: ''چەندین وڵاتی زلهێزی جیهان ئامادەن بەردەوام بن لە پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بڕیارە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتانەوە بڕیار لەسەر درێژكردنەوەی هاوكارییەكان بۆ پێشمەرگە بدرێت، كە ئەوانیش (ئەمەریكا، كەنەدا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، چیك) و چەند وڵاتێكی دیكەن، كە ڕەنگە لە داهاتوودا جۆری هاوكارییەكانیان بۆ پێشمەرگە بگۆڕدرێن.''
(حیكمەت) گوتی: ''هیوادارین هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە قۆناغی داهاتوودا مەشقەكانی فراوان بكات و هاوكارییەكانیش فراوانتر بن، چونكە بڕیار دراوە كە هاوپەیمانان درێژە بە هاوكارییەكانیان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بدەن، ئێستاش ئەوان ڕۆڵی بەهێزیان هەیە لە داڕشتنەوە و دووبارە بەهێزكردن و دروستكردنەوەی هەیكەلی هێزی پێشمەرگەدا.''
هاوكات، عەمید ڕوكن (ھەژار عومەر)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''ئەڵمانیا، كەنەدا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەمەریكا ڕۆڵێكی زۆر گرینگ دەبینن لە دابینكردنی پێداوستیی سەربازی بۆ پێشمەرگە و هەموویان هاوكاریی وەزارەتی پێشمەرگەیان كردووە، بە خۆشحاڵییەوە زۆربەی پەرلەمانتارانی ئەم وڵاتانە بڕیاریان داوە ئەركەكانیان لە كوردستان نوێ بكەنەوە، هەڵبەت بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریكا، چونكە ناردنی هێز یان هاوكاریی سەربازی، دەبێت بە ڕەزامەندیی پەرلەمانی ئەو وڵاتانە بێت.''
عەمید (هەژار) ئاماژەی دا: ''ئەمە دەستكەوتە، چونكە ئەم هێزانە هەرێمی كوردستان بە هاوپەیمانی ستراتیژیی خۆیان دەزانن، یەكێك لەوانە فەرەنسایە كە پاڵپشتیی سەربازی و سیاسیی بۆ پێشمەرگە دەربڕیوە و بەردەوامن لە هاوكارییەكانیان، یەكەم جاریشە لە مێژوودا دوو شاندی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی سەرۆكێك بكەن كە سەرۆكی یەكێك لە وڵاتانی گەورەی جیهان و ئەندامی هەمیشەییی نەتەوە یەكگرتووەكانە و، سەرۆكی فەرەنسا پێشوازی لە هەردوو شاندەکە كرد و پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ پێشمەرگە نیشان دا و ڕۆڵی زۆر گرینگیشی هەبووە لە ناردنی هێز بۆ هەرێمی كوردستان.''
عەمید (هەژار) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''(سەرۆك بارزانی) ڕۆڵی گرینگی هەبوو لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵدا و، هەموو هاوكارییەكی نیشان دا، بەتایبەت لەو سەردانەی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراقدا، ئەمەیش لەو ڕوانگەیەوە كە مانەوەی مووسڵ بەو شێوەیە، مەترسی بوو بۆ سەر هەرێمی كوردستان و پێشمەرگەش، بۆیە ڕزگاركردنی مووسڵ بۆ كوردستان گرینگە و ئەو وڵاتە زلهێزانەش بەم زووانە پێداویستیی سەربازی بۆ هەرێم دەنێرن.''
كارزان سەباح هەورامی




