٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئیبراھیم برۆ: پاش داعش، دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان گۆڕانی بەسەردا دێ

سەرچاوە: KDP.info

 

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا دەڵێت، لە ئێستادا رۆژئاوای كوردستان لە دەستی ئەمەریكادایە و، بە ھیچ شێوەیەكیش لە سیاسەتی ئێستای پەیەدە رازی نین، بەڵام بە ھۆی شەڕی داعشەوە بێدەنگن، بۆیە دوای كۆتاییهاتنی شەڕەكە، بەو شێوەیە لێیان قبوڵ ناكەن.

(ئیبراھیم برۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "تاوەكو ئێستا ھەموو ئۆفیسەكانی ئێمە لە رۆژئاوا داخراون و، تەنیا پێش دوو رۆژ ئۆفیسێكی خۆمان لە قامشلۆ كردووەتەوە، بەڵام بڕیارمان داوە كە لە ماوەی دابێ سەرجەم ئۆفیسەكانمان بكەینەوە و پابەندی بڕیارەكانی پەیەدە نابین".

وەك (برۆ) گوتی، "پەیەدە رۆژانە چەندان ئەندام و سەركردەی ئێمە دەستگیر دەكات و ئێستاكە ٢٠كەسمان لە زینداندان، چونكە ژمارەیەك دەستگیر دەكەن و ژمارەیەك ئازاد دەكەن، ئەمەیش تەنیا بۆ ئەوەی گوشار لەسەر ئێمە دروست بكەن."
سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا دەشڵێت، پەیەدە بڕیاریان داوە بە ھیچ شێوەیەك رێگە بەسەركردایەتیی ئێمە نادەن لە رێگەی سێمالكاوە ھاتوچۆ بكەن و، ئەگەر بیانەوێت بێنە باشووری كوردستان یاخود لە باشوورەوە بگەڕێنەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان، دەستگیریان دەكەن، بۆیە لە رێگەی قاچاغەوە ھاموشۆ دەكەین".
(ئیبراهیم برۆ) جەختیشی كردەوە لەوەی كە، "ئەوەی پەیەدە دەیكات، رژێمی سووریا بەرانبەر كورد نەیكردووە، ئەمەیش تەنیا بۆ ئەوەیە بزاڤی سیاسیی كوردی لە جووڵە بخەن و رێگری لە ئێمە بكەن، كە بێگومان ئەمە زۆر زەحمەتە و بەردەوام دەبین لە خەباتی سیاسیی خۆمان" .
ئەو هەروەها باوەڕیشی وایە، "لە ئێستادا ئەمەریكا لە بەرانبەر رۆژئاوای كوردستان بێدەنگە، لەبەر ئەوەی شەڕی داعش ھەیە، بۆیە كاتێك شەڕی داعش كۆتایی دێت، ئەمەریكا بێدەنگ نابێت و گوشار دەخاتە سەر پەیەدە، چونكە رۆژئاوای كوردستان ئێستا لە دەستی ئەمەریكادایە، بەڵام ئێستا دەیەوێت ناوچەكە ئارام بێت و ناخوازێت ئاڵۆزی ھەبێت، ئەگەرنا ئەمەریكا بە ھیچ شێوەیەك لەگەڵ سیاسەتی ئێستای پەیەدەدا نییە كە دژی وڵاتانی دراوسێ و ئۆپۆزسیۆن و ئەنەكەسەن و كێشەی ناوخۆییشیان ھەیە، ئەمەیش لای ئەمەریكا قبووڵكراو نییە، بۆیە دوای داعش ئەمە ھەمووی چارە دەكرێت و دۆخەكە لە بەرژەوەندیی ئێمەدا دەبێت".
سەبارەت بە گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژیش بۆ رۆژئاوا، گوتی: "ھەر كاتێك گونجا، پێشمەرگەكانی ئێمە دەگەڕێنەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان، ئەمەیش لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی نێودەوڵەتی دەبێت، چونكە لە ئێستادا ئێمە خاوەنی شەش ھەزار پێشمەرگەین و ناونووسینیش بەردەوامە بۆ ئەوەی ژمارەكە بۆ ١٠ھەزار پێشمەرگە زیاد بكرێت".

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار