چاودێرانی سیاسی: هەڕەشەكردن لە هەرێمی كوردستان، به واتای ههڕهشه لە هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی

هەولێر-KDP.info- چاودێرانی سیاسی، لە وەڵامی لێدوانێكی سەركردەیەكی پەكەكەدا، كە هەڕەشەی شەڕ لە هەرێمی كوردستان دەكات، دەڵێن، ئەمنییەتی هەرێمی كوردستان هێڵی سوورە و هەر هەڕەشەیەكیش لە هەرێم بكرێت، هەڕەشە لە هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی كراوە.
ئەمنییەتی كوردستان هێڵی سوورە
(رەزا ئاڵتوون)، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "فورات نیوز"ـی سەر بە پەكەكە گوتوویەتی، لەمەودوا باشووری كوردستان بە گۆڕەپانی شەڕی خۆیان دەزانن و، پەیوەندیی باشی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستانیش دەكەنە بیانوو بۆ هێرشكردن.
(سەلاح دەلۆ)، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "زۆر سەیرە كەسێكی وەك (ئاڵتوون) بەو شێوەیە هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان دەكات؟ باشە هەرێمی كوردستان دژمنی پەكەكەیە؟ ئەگەر (ئاڵتوون) دەیەوێت سیاسەتی هەڵەی خۆیان بە شەڕ لەگەڵ هەرێمی كوردستان داپۆشێت، ئەوە پێیان دەڵێین، خەڵكی كوردستان ڕێ بە هیچ هیزێك نادەن، كە بیانكەنە پرس بۆ بەدیهێنانی مەرامی حزبی، ئەگەر ئەوان دەیانەوێت سیاسەت بكەن، فەرموون بڕۆن لەو شوێنە سیاسەت بكەن، كە تێیدا شكستیان هێناوە، ئێستا دۆخی كوردستان وای لێ هاتووە، هەموو دنیا ئاواتی پێ دەخوازێت، دنیا لەسەر هێڵە بۆ پشتیوانیی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان، تازە بە تازە ئەمانە هاتوون دەیانەوێت هەڕەشە لە ئەمنییەتی كوردستان بكەن."
(دەلۆ) گوتیشی: "ئەمنییەتی كوردستان هێڵی سوورە و هیچ كەس بۆی نییە هەڕەشەی لێ بكات، بە سەدان هەزار شەهیدمان بۆ ئەم خاكە داوە، كەسانێك لەسەر سفرەی حازر دەیانەوێت دەستكەوتەكانمان بخەنە مەترسییەوە، لە كاتێكدا (ئاڵتوون) هەڕەشە لە باشووری كوردستان دەكات، كە باشووری كوردستانیان كردووەتە لانكەی شەڕێك، كە ژیانی هەزاران گوند و شاری وەستاندووە".
هاوكات (د. كەیوان ئازاد)، مامۆستای زانكۆی سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بە داخەوە هێشتا عەقڵییەتێك دەیەوێت تەحەددای ئەمنییەتی كوردستان بكات، كەسێك كە خۆی بە سەركردەی پەكەكە دەزانێت، دێت بەو شێوەیە هەڕەشە لە باشووری كوردستان دەكات، لە كاتێكدا پەكەكە لە باكووری كوردستان خەباتی خۆی گەیاندووەتە ئەم ئاستە كە دەبینی سەدان شار و لادێ وێران بووە، دەنگی كوردی پەرتەوازە كرد، تازە بە تازە دەیەوێت لە باشووری كوردستانەوە هەڕەشە لە دراوسێكان بكات، ئێستایش تێناگەین بۆچی پەكەكە لەم كاتەدا كە باشووری كوردستان دەیەوێت ڕیفراندۆم بكات و سەربەخۆیی ڕابگەیێنێت، دێت دەبێتە هەڕەشە لەسەر دەوڵەتەكان، لە خۆی دەپرسێت ئەگەر لە باشووری كوردستانەوە هەڕەشە لە دراوسێكان بكات، چی بەسەر باشووری كوردستان دێت؟ یان لە خۆی پرسیوە ئێستا چ هەڵەیەك دەكات، بەشێك لە خاكی كوردستانی دابڕیوە بۆ بەرژەوەندیی خۆی.''
(د. كەیوان) ئەوەیشی خستە ڕوو: "هەر هەڕەشەیەك لەسەر باشووری كوردستان، هەڕەشە لەسەر هاوپەیمانان و نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە جیهانییەكانە، چونكە سەرجەمیان ڕایانگەیاندووە، كە هەرێمی كوردستان یەكێكە لە ئەندامانی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی.''
دەبێت سنوورێك بۆ قسەكانی (ڕەزا ئاڵتوون) دابنرێت
لە بەرانبەر هەڕەشكردنی (ڕەزا ئاڵتوون) لە هەرێمی كوردستان، كە باسی لەوە كردووە شەڕ بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان دەگوازنەوە، (عەبدوڵڵا وەرتی)، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "بە ھیچ شێوەیەك ناكرێت ھەرێمی كوردستان بكرێتە مەیدانی جەنگ و دەبێت سنوورێك بۆ ئەو قسانە دیاری بكرێت، دەبێت سەرجەم ھێزە سیاسییەكانی باكوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتی كوردستان، خوێندنەوەیەكی ورد و بابەتییانەیان بۆ دۆخی باشووری كوردستان ھەبێت، ئەو دەستكەوتانەی لێرە بە دەست ھاتوون، پارێزگاریكردنیان ئەركی ھەموومانە، بە ھەر چوار پارچەی كوردستانەوە، بە تایبەت ئێستا باشووری كوردستان باس لە ڕیفراندۆم و دەوڵەت دەكات، دەبێت ئەو ھێزە سیاسییانە خۆیان لە دەستێوەردان بە دوور بگرن.''
(وەرتی) ئەوەیشی دووپات كردەوە كە، ئەوان وەك بزووتنەوەی ئیسلامی، هەڕەشەكانی پەكەكە بۆ سەر هەرێمی كوردستان ڕەت دەكەنەوە و ڕایگەیاند: "ھەر جۆرە لێدوان و پەیڤ و بەیاننامەیەك لە دژی باشووری كوردستان بێت، ڕەتی دەكەینەوە و دەبێت سنوورێك بۆ قسەكانی (ڕەزا ئاڵتوون) دابنرێت".
بۆچی كەس وەڵامی ناداتەوە
هاوكات (سۆران سێوكانی)، نووسەر و ڕۆشنبیر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بیستوومە كە (ڕەزا ئاڵتوون) سەركردەی پەكەكە گوتوویەتی، لەمەودوا باشووری كوردستان دەكەینە مەیدانی جەنگ. ئەرێ من تێنەگەییشتم، یان وای گوت؟ پرسیارم ئەوەیە كە بۆچی كەس وەڵامی ناداتەوە، ئەی بۆچی ئەوانەی لەسەر چۆلەكەیەك كەمپەینێك دەكەن، كەمپەینێك لەسەر ئەو قسانە ناكەن بۆ هەرێمی كوردستان. بۆ دەبێ كەسێك بەو ئاسانییە بیەوێت هەڕەشەی لێ بكات، لە كاتێكدا هەموومان دەزانین كە هەڕەشەكردن لە باشووری كوردستان ئاكامەكەی چی دەبێت، بۆیە ئەوەی (ڕەزا ئاڵتوون) باسی دەكات، زۆر مەترسیدارە و دەبێت سەرجەم لایەنەكان وەڵامیان بۆی هەبێت.''
كارزان سەباح هەورامی




