كۆمسیۆن: "ھەر كەسێك ناوی لە بایۆمەتری تۆمار نەكات، مافی دەنگدانی نابێت"

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، "تۆماركردنی ناوی دەنگدەران لە پرۆسەی بایۆمەتریدا بەردەوامە و، ئەوانەی ناوی خۆیشیان تۆمار كردووە بە شێوەیەكی گشتی لە ھەموو عێراقدا رێژەكەی گەییشتووەتە نزیكەی ٤٥%، بۆیە داوا دەكەین خەڵك سەردانی بنكەكان بكات و ناوی خۆی تۆمار بكات".
(سیروان ئەحمەد)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە سەرتاسەری عێراقدا تاوەكو ئێستا بە رێژەی ٤٥%ـی خەڵك ناوی خۆی لە تۆماری بایۆمەتری تۆمار كردووە و، لە ھەرێمی كوردستانیش قۆناغی باشی بڕیوە و نزیكەی ٤٠% ناوی خۆیان تۆمار كردووە".
(ئەحمەد) گوتیشی، "پرۆسەكە بەردەوام دەبێت تاوەكو نزیك دەبینەوە لە ھەڵبژاردنەكان و ئەوكات كۆتایی پێ دێت، بۆیە پێمان باشە خەڵك سەردان بنكەكانی ئێمە لە شار و شارۆچكەكان بكات و ناوی خۆی تۆمار بكات، بۆ ئەوەی مافی دەنگدانی ھەبێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران دەشڵێت، "راستە رێژەكە كەمە، بەڵام لە رێگەی راگەیاندنەوە ھەڵمەتێكمان دەست پێ كردووە، جگە لەوەیش لە ھەمووپارێزگاكاندا تیمی گەڕۆكمان پێك ھێناوە و سەردانی ماڵان دەكەن، بۆ ئەوەی خەڵك ناوی خۆی تۆمار بكات".
ڕوونیشی كردەوە كە، لە كەركووك رێژەیەكی زۆر باشی خەڵك ناوی خۆی تۆمار كردووە كە دەگاتە زیاتر لە ٥٥% كە ئەمەیش رێژەیەكی زۆر باشە.
ئەمەیش لە كاتێكدایە، ھەر ھاووڵاتییەك ناوی خۆی لەو پرۆسەیەدا تۆمار نەكات، لە ھەڵبژاردنەكانی دابێ مافی دەنگدانی دەفەوتێت.
بڵند ئیبراھیم




