٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی سێی پارتی: تیرۆركردنی محەممەد یوونس، هەڕەمەكی نەبووە

سەرچاوە: KDP.info


كەركووك-KDP.info- بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە لیژنەیەكی باڵای لێكۆڵینەوە لەبارەی كەیسی شەهیدكردنی (محەممەد یوونس)ـی جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای غازی باكوور پێك هێنراوە و دەشڵێ، "ئێمەیش هەندێ بەڵگەمان لە بەردەست بوو كە رادەستی لیژنەكە كراون".

دكتۆر (محەممەد خورشید)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "بە فەرمانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەبارەی تیرۆركردنی هەڤاڵ(محەممەد یوونس) جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای غازی باكوور و كادیری پێشكەوتووی پارتیمان، بە سەرپەرشتیی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ پێك هێناوە و لیژنەكە بۆ لێكۆڵینەوە هاتوونەتە شاری كەركووك، ئێمەیش وەك پارتی لای خۆمانەوە هەماهەنگیمان هەیە لەگەڵ لیژنەی لێكۆڵینەوە، بەڵام ئەوە زیاتر ئەركی دەزگای ئەمنییە و هەر دەبێ كارەكە بە لیژنەی ئەمنی راسپێرین."

دكتۆر (محەممەد) ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، "تیرۆركردنی (محەممەد یوونس)، كارێكی تیرۆریستیی هەڕەمەكی نەبووە و بەپێی زانیارییەكانی ئێمە بە مەست ئەو دەستە تیرۆریستە پیلانیان بۆ شەهیدكردنی هەڤاڵ (محەممەد) داناوە، هەندێك بەڵگەیشمان لە بەردەست بوون كە رادەستی لیژنەی لێكۆڵینەوەمان كردوون و چاوەڕێی ئەنجامەكەی دەكەین بۆ ئاشكراكردن و دەستگیركردنیان".

رۆژی 2ـی ئەم مانگە، لە شاری كەركووك لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە (محەممەد یوونس گلی) جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیا غازی باكوور و كادیری پێشكەوتووی پارتی، لەگەڵ شوفێرەكەیدا تیرۆر كران.

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار