لە سنووری كەركووك ھێرشێكی داعش تێك شكێندرا.. پێنج تیرۆریست كوژران

كەركووك-KDP.info- بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، تیرۆریستانی داعش لە میحوەری چواری كەركووك، ھێرشیان كردە سەر سەربازگەی كەیوان و، لە ئاكامدا تێك شكێندران و پێنج تیرۆریستیش كوژران. بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووكیش رایدەگەیێنێت، لە گەڕان و پشكنینی سنوورەكەدا، ژمارەیەك گومانلێكراو دەستگیر كراون.
بەرپرسی میحوەری چواری كەركووك (وەستا رەسووڵ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، پێنج تیرۆرستی داعش ھێرشیان كردە سەر سەبازگەی كەیوان لە میحوەری چواری كەركووك، بەڵام ھێزی پێشمەرگە ڕووبەڕوویان بوونەوە و تێكیان شكاندن كە دوو لەو تیرۆریستانە خۆیان تەقاندەوە و سێیەكەی دیكەیش لەلایەن پێشمەرگەوە كوژران".
(وەستا رەسووڵ) گوتیشی، بەداخەوە لەو ھێرشەدا، دوو پێشمەرگە شەھید بوون و شەشی دیكەیش بریندار بوون.
ئەو هەروەها زیاتر گوتی، لە ئێستادا دۆخەكە كۆنتڕۆڵ كراوە و ئارام بووەتەوە و شەڕەكەیش كۆتایی پێ ھاتووە.
لە لایەكی دیكەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك عەمید (سەرحەد قادر)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دوای هێرشەكەی تیرۆریستانی داعش، وەكو پۆلیس، ئاساییش و پێشمەرگە دەستمان بە گەڕان و پشكنین كردووە و، تا ئێستا ژمارەیەك خەڵكی گومانلێكراو دەستگیر كراون و شوێنەكانیان دۆزراوەتەوە و بەردەوامیش دەبین."
بڵند ئیبراھیم - نەشوان بەرزنجی




