ماوەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا درێژ كرایەوە

هەولێر-KDP.info- وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئاگادارى خوازیارانی خوێندنی باڵا/ماستەر و دکتۆرا دەکات، ماوەى پڕۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا/ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ سیمستهری هاوینە درێژ کرایەوە.
(عەباس ئەکرەم) گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: "لەپێناو بەرژەوەندیى گشتى و ڕەخساندنى دەرفەتى زیاتر بۆ خوازیاران، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاری دا بۆ ماوەى یەک هەفتە پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا/ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان درێژ بکاتەوە، واتە تا کۆتاییی دەوامى رەسمى پێنجشەممە (11-5-2017) پرۆسەى پێشکەشکردن بەردەوام دەبێت."
لەبارەى وادەى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند، تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر بۆ ماوەى (١) یەک هەفتە دوا دەخرێت، واتە لە ڕۆژى یەکشەممە (21-5-2017) سەعات (10)ى بەیانى لە گشت زانکۆکان ئەنجام دەدرێـت، بەهەمان شێوە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ خوێندنى باڵا/ دکتۆرا بۆ ماوەى (١) یەک هەفتە دوا دەخرێت، واتە لە ڕۆژى دووشەممە (22-5-2017) سەعات (10) ى بەیانى لە گشت زانکۆکان ئەنجام دەدرێـت.
ئەو گوتیشی، دەستپێکى دەوامى ئەکادیمی خوێندنى ماستەر و دکتۆرا بۆ سیسمتەرى هاوینەى ساڵى (2016-2017) وەکو خۆى دەمینێتەوە واتە لە سەرەتاى مانگى (7/تەموز) دەستپێدەکات.
سەبارەت بە پێدانى مۆڵەتى خوێندن لەلایەن وەزارەتەکانەوە، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەڵێ: "وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە نووسراوى ڕەسمى داواى لە سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیران کردووە گشتاندنێک بۆ سەرجەم وەزارەتەکان بکات بۆ پێدانى لارینەبوون بۆ پێدانى مۆڵەتى خوێندن لە ناوەوەى هەرێم لەلایەن وەزارەتەکان بەپێى پلان و پێویستى خۆیان، تا ئەوکاتەى پەیڕەوى تایبەت بە مۆڵەتى خوێندن لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنى وەزیران دەردەچێ."




