مه‌سروور بارزانى: ریفراندۆم له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت

هه‌ولێر-KDP.info- (مه‌سروور بارزانى) راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند، "بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه سه‌ربه‌خۆ بین، ده‌بێت سه‌ر به خۆمان بین، نابێت سه‌ر به هیچ لایه‌كی دیكه بین"، له باره‌ى په‌رله‌مانیشه‌وه گوتى: ''ئێمه له ئه‌مڕۆوه ئاماده‌ین په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه''، سه‌باره‌ت به ئه‌نجامدانى ریفراندۆمیش گوتى: ''له‌و پرۆسه‌یه پاشه‌كشێ ناكه‌ین و به قسه‌ى ئه‌وانه ناكه‌ین كه دژى ریفراندۆمن.''
نابێت ئێمه چاومان له‌وه بێت كه هه‌ر پاشكۆ بین
له وتارێكدا، كه ئه‌مڕۆ له كه‌رنه‌ڤاڵێكى یه‌كێتیی قوتابیانى كوردستان بۆ پشتگیریى له ریفراندۆم كه له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، (مه‌سروور بارزانى) باسى له گرینگیى سه‌ربه‌خۆبوونى هه‌رێمى كوردستان كرد و ڕایگه‌یاند: "نابێت ئێمه چاومان له‌وه بێت كه هه‌ر پاشكۆ بین، یان خه‌ڵكی دیكه حوكمڕانی به‌سه‌ر ئێمه‌دا بكات، كه‌سێك ناتوانێت چاوی له پۆستی وڵاتێكی دیكه بێت و بێت لێره رێنماییمان بكات له‌سه‌ر چۆنیه‌تyی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم.''
(مه‌سروور بارزانى) جه‌ختیشى له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، ''پێش ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بڕوای به سه‌ربه‌خۆییی خه‌ڵكی كوردستان هه‌بێت، ده‌بێت ئێمه پێش هه‌موو كه‌سێك ئه‌و بڕوایه‌مان له‌لا درووست بێت، كه ئه‌وه مافێكی سرووشتی ئێمه‌یه، ئه‌مه مافێكه خوا به ئێمه‌ی داوه".
گوتیشى: "خه‌ڵكێك نه‌یانه‌وێ ریفراندۆم بكه‌ین و بیانوو بدۆزنه‌وه له شێواز و چۆنیه‌تیی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، ئێمه به هیچ شێوه‌یه‌ك به قسه‌ی ئه‌وان ناكه‌ین و به هیچ شێوه‌یه‌ك نه ده‌گه‌ڕێینه‌وه و نه په‌شیمان ده‌بینه‌وه، ئه‌و ریفراندۆمه‌ش له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت".
ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێ په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه
راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها گوتى: "ئێمه ده‌بێت خاوه‌نی ئه‌و بڕیاره بین، ئێمه وه‌كو نه‌ته‌وه ده‌بێت پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ین كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له مافی خۆمان خۆش نابین و به‌هیچ شتێك له‌وه‌ی كه یه‌كسان بین له‌گه‌ڵ هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی دنیا، ئێمه ئاماده نین له‌وه كه‌متر رازی بین".
له باره‌ى سه‌ربه‌خۆییه‌وه راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان، زیاتر روونی كرده‌وه، كه ئه‌و پرسه زامنى داهاتووى كورد ده‌كات و رایگه‌یاند: "بابه‌تی سه‌ربه‌خۆیی یا بابه‌تی سه‌روه‌ریی وڵات گرینگه بۆ پاراستنی ئایینده‌ی هه‌م وڵاته‌كه‌مان، هه‌م خه‌ڵكه‌كه‌مان، ئه‌گه‌ر ئێمه له یاسای نێوده‌وڵه‌تی خاوه‌نی سه‌روه‌ری بین، خاوه‌نی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ بین، ئه‌و وه‌خته به حوكمی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ده‌ستوه‌ردان له كوردستان قابیلی قه‌بووڵ نییه. به‌ڵام ئێمه ئێستا به‌شێكین له حكوومه‌تێكی دیكه، كه خۆی نه‌یتوانیوه وه‌كو پێویست سه‌روه‌ریی خۆی بپارێزێت و له هه‌موو لایه‌ك ته‌ده‌خولی ئیش و كاره‌كانی ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وان نایانه‌وێ سه‌ربه‌خۆ بن، ئێمه ده‌مانه‌وێ سه‌ربه‌خۆ بین".
سه‌باره‌ت به پرسى كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانیش (مه‌سروور بارزانى) گوتى: "قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێت كه ئایا بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ئێمه پێویستمان به كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانه، جارێ ده‌مه‌وێ ئه‌وه باس بكه‌م، ئێمه وه‌كو پارتی، به هیچ شێوه‌یه‌ك دژی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان نه‌بووین و نین، ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێ په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه، به‌ڵام چ جۆره په‌رله‌مانێك، سه‌رۆكی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانێك، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی میلله‌ت بڕیار بدات، نابێت ببێته سه‌رۆكی فراكسیۆنی حزبێك و به ناوی په‌رله‌مان ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی حزبێك ئیش بكات، ئێمه‌وه ئه‌وه قه‌بووڵ ناكه‌ین".
سه‌رچاوه‌ی شه‌رعییه‌ت میلله‌ته پێش ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان بێت
(مه‌سروور بارزانى) هه‌روه‌ها گوتى: "سه‌رچاوه‌ی شه‌رعییه‌ت میلله‌ته پێش ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان بێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش پێمانخۆشه په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش قسه‌ی پێویست كراوه و پێشنیازیش هه‌بووه و تاووتووی ئه‌و پێشنیازانه‌ش ده‌كرێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، به‌ڵام ئێمه به هیچ شێوازێك ئه‌وه قه‌بووڵ ناكه‌ین بۆ رازیكردنی حزبێكی سیاسی یان چه‌ند كه‌سێك، یان بۆ چاره‌كردنی كێشه‌ی سیاسیی به‌ینی دوو حزب و سێ حزب، ئیتر په‌رله‌مان و داهاتوو و ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی میلله‌ته‌كه‌مان بخرێته ژێر پرسیار و وه‌لا بنێت، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا ته‌ركیز له‌سه‌ر چاره‌كردنی كێشه ناوخۆییه‌كانی ته‌سكی حزبایه‌تی بكرێت، ئێمه ئه‌وه قه‌بووڵ ناكه‌ین پێمانوایه پێش هه‌موو شتێك به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی میلله‌ته‌كه‌مان، به‌تایبه‌تی كه ئێستا مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی له ئارادایه".
راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌شى گوت: "پێش هه‌موو شتێك، ئێمه ئه‌وه‌مان ده‌وێ، به په‌رله‌مانتاره‌كان بڵێین، كه فعله‌ن ئه‌وانه‌ی كه به په‌رۆشه‌وه باسی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن با په‌رله‌مان كارا بكه‌ینه‌وه، په‌رله‌مان به زۆرینه كارا ده‌كرێته‌وه، بابێن ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێك ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی پرسی ریفراندۆم یان بۆ سه‌ربه‌خۆیی په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه، ئێمه له‌مڕۆوه ئاماده‌ین په‌رله‌مان به ده‌نگی زۆرینه كارا بكرێته‌وه و سه‌رۆكایه‌تییه‌كی نوێ بۆ په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرین، به‌ڵام په‌رله‌مان ته‌نیا له پێناوی ئه‌وه‌ی كێشه‌ی حزبی چاره بكات و دوایی ببێت به ئاسته‌نگ بۆ كێشه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان، پێمانوانییه ئه‌م په‌رله‌مانه له خزمه‌تی ئه‌و پرسه‌دا بێت و بتوانێت سه‌ركه‌وتوویش بێت".





