وه‌زیری كشتوكاڵ: ته‌نگژه‌ی دارایی، یارمه‌تیده‌ری بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ بووه

هه‌ولێر-KDP.info- (عه‌بدولستار مه‌جید) وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاشكرای ده‌كات كه ئێستا نزیكه‌ی 20%ی دانیشتووانی كوردستان سه‌رقاڵی كشتوكاڵن. ناوبراو، ئه‌وه وه‌ك نیشانه‌یه‌ك له بووژاندنه‌وی كه‌رتی كشتوكاڵ ده‌بینێت.
(عه‌بدولستیار مه‌جید) به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، "ته‌نگژه‌ی دارایی بۆ خه‌ڵكی كوردستان ناخۆش بوو، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه ته‌نگژه‌كه هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی كشتوكاڵ بووه له كوردستان. سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ته‌نیا 16%ی دانیشتووانمان سه‌رقاڵی كوردستان بوونه، به‌ڵام ئێستا ئه‌و رێژه‌یه بۆ سه‌رووی 20% زیادی كردووه و ئه‌مه‌ش جێگه‌ی دڵخۆشییه".
ئه‌و زیاتر ده‌ڵێ، "كوردستان مه‌رجه‌كانی كشتوكاڵی تێدایه و دوای سوودان، باشترین خاكی به‌پیتی بۆ كشتوكاڵ هه‌یه. ئێمه سه‌رچاوه‌ی ئاو، ده‌ستی كار و هه‌ر چوار وه‌رزه‌كانمان له كوردستاندا هه‌یه، بۆیه ده‌كرێ كشتوكاڵ زۆر به باشی پێش بخه‌ین".
وه‌زیری كشتوكاڵ، زۆر به "نیگه‌رانی"یه‌وه ئاشكرای ده‌كات كه ته‌نیا له ماوه‌ی ساڵی 2015دا نزیكه‌ی ملیارێك و دووسه‌د ملیۆن دۆلار بۆ كڕینی به‌رهه‌مه شیره‌مه‌نییه‌كان له كوردستان چووه‌ته ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، بۆیه سه‌رمایه‌دارانی ناوخۆیی هان ده‌دات له‌و كه‌رته‌دا كار بكه‌ن.
به‌پێی داتاكانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، ساڵی 2015 كه‌رتی كشتوكاڵ نزیكه‌ی 71 ملیار دینار و ساڵی 2016 نزیك به 100 ملیار دینار داهاتی هه‌بووه. ساڵی 2014، سه‌رووی 844 هه‌زار تۆن گه‌نم و ساڵی 2016 نزیك به ملیۆنێك و 600 هه‌زار تۆن گه‌نمی هه‌بووه، واتا نزیك به 91% ئه‌و به‌رهه‌مه زیادی كردووه.
كاوه جه‌م




