حکوومەتی هەرێم لە وەڵامی وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران: لێدوان و دەستوەردان لە پرسی ڕیفراندۆم ڕەت دەکەینەوە

هەولێر-KDP.info- حکوومەت لەبارەی لێدوانێکى وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران دەربارەى پرسى سەربەخۆییی هەرێمى کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، پرسى ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی هەرێمى کوردستان پرسێکى ناوخۆییی عێراقە و لێدوان و دەستتێوەردانى هەر لایەک ڕەت دەکاتەوە.
دەقی روونکردنەوەیەک دەربارەى لێدوانێکى وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران دەربارەى پرسى سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان:
فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان نیگەرانیى خۆى بەرانبەر بە لێدوانێکى وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامیى ئێران دەربارەى مافى چارەى خۆنووسینى گەلى کوردستان دەردەبڕێ.
هاوکات لەگەڵ ڕەتکردنەوەى ئەو لێدوانەدا ڕایدەگەیەنین کە مافى چارەى خۆنووسین وەک هەموو گەل و نەتەوەکانى دیکەى دونیا، مافێکى سرووشتیى گەلى کوردستانە کە قوربانییەکى زۆرى بۆ داوە و لەو خەباتەش بۆ گەیشتن بە خواستن و ئامانجە ڕەواکانى بەردەوام دەبێ.
هەروەک پێشتر حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە فەرمى ڕایگەیاندووە، پرسى ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی هەرێمى کوردستان پرسێکى ناوخۆییی عێراقە. بۆ ئەم مەبەستەش بە ڕێگەى گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن ئەم بابەتە لەگەڵ حکوومەتى فیدڕاڵى لە بەغدا تاوتوو دەکرێ و بڕیارى لەبارەوە دەدرێ. هەربۆیە لە دەرەوەى ئەم چوارچێوەیەدا هەرلێدوانێک رەت دەکەینەوە و دووپاتى دەکەینەوە کە ڕێگە بە دەستتێوەردانى هیچ لایەک نادەین.
جارێکى دیکەش جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەى کە ئەنجامدانى ڕیفراندۆم مافێکى ئاسایی و سرووشتیى گەلى کوردستانە و دوابڕیاریش دەربارەى سەرخۆیی لە لایەن گەلى کوردستان دەبێت کە مافێکى سرووشتىی خۆیەتى.
سەرچاوە، فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان




