بەرپرسی دەزگای ئەیلوول: پێنجشەممەی دابێ، لەگەڵ حكوومەتدا كۆ دەبینەوە

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەزگای ئەیلوول ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) لەبارەی داواكارییەكانیانەوە كۆ بوونەوە، سەرۆكی هەرێم داواكارییەكانی ئاڕاستەی حكوومەت كرد و بڕیاریشە رۆژی پێنجشەممەی دابێ، لەگەڵ حكوومەتدا كۆ ببنەوە.
(قادر قادر)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دوای ئەوەی لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستاندا لەبارەی داواكارییەكانی پێشمەرگەوە كۆ بووینەوە، (سەرۆك بارزانی) داواكاریی ئێمەی پێشكەشی جێگری سەرۆكی حكوومەت كرد، چونكە ئەوان لایەنی جێبەجێكارن".
(قادر) گوتیشی، "بڕیارە لەسەر ئەو داواكاریانە، رۆژی پێنجشەممەی دابێ، لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا كۆ ببینەوە، داواكارییەكانی ئێمەیش خزمەت بە پێشمەرگەكان و شەھید و كەسوكاریان دەكات".
كۆتایی مانگی ڕابرد، (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ دەزگای ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەكان كۆ بووەوە و، تێیدا گفتوگۆ لەبارەی داواكارییەكانی پێشمەرگەوە كرا، كە جێگری سەرۆكی حكوومەتیش لەو كۆبوونەوەیەدا ئامادە بوو.
بڵند ئیبراھیم




