جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای غازی باکوور و پاسەوانێکی تیرۆر کران

کەرکووک-KDP.info- جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای غازی باکوور کە کادیری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، لەگەڵ پاسەوانێکی لە کەرکووک تیرۆر کران، لقی ٣ـی پارتییش لە کەرکووک داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بە زووترین کات ئەنجامدەرانی کارەکە بدۆزنەوە.
سەعات 8ـی ئەم بەیانیی سێشەممەیە، (محەممەد یوونس) جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای غازی باکوور، لە کاتی چوونی بۆ شوێنی کارەکەی و دوای دەرچوونی لە بازگەیەکی هێزە ئەمنییەکان، تەقەی لێ کراوە و لەگەڵ یەکێک لە پاسەوانەکانی کە ناوی (شاهۆ)یە، تیرۆر کراون.
(محەممەد یوونس) جیا لەوەی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای غازی باکوور بووە، کادیری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و لەوبارەوە (محەممەد خورشید) بەرپرسی لقی ٣ـی پارتی دیموکراتیی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەداخەوە (کاکە محەممەد) کادیرێکی پێشکەوتوو و چالاکی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، بۆیە دەزگا ئەمنییەکانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکەینەوە کە دەبێت بە شێوەیەکی خێرا ئەو کەیسە یەکلا بکرێتەوە و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بدۆزرێنەوە".
وەک (د.محەممەد خورشید) دەڵێ، لە ماوەی رابردوودا چەند کادیرێکی دیکەی پارتی لە کەرکووک کراونەتە ئامانج.
بەرپرسی لقی ٣ـی پارتی دیموکراتیی کوردستان جەختی کردەوە لەوەی کە (محەممەد یوونس) هیچ کێشەیەکی نەبووە و هۆکاری تیرۆرکردنەکەیشی هێشتا ڕوون نەبووەتەوە.
کارزان سەباح هەورامی




