لهگهڵ سهرۆك كۆ دهبنهوه.. لیژنەیەکی باڵا بۆ ئامادەکردنی پلانی ستراتیژیی وەزارەتی پێشمەرگە پێکھاتووە

هەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاکسازیی (سەرۆک بارزانی)دا، لیژنەی باڵای پێداچوونەوە بە وەزارەتی پێشمەرگەدا کارەکانی تەواو کردووە و ئەندامێکی لیژنەکەش ئاماژەی بەوە کرد، 35 خاڵ بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەرز کراونەتەوە و لە داھاتوودا ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە باشتر دەکرێت و کار بە یاسای ڕاژە و خانەنشینیی پێشمەرگە دەکرێت.
عەمید ڕوکن (ھەژار عومەر) بەڕێوەبەری ھەماھەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لەسەر فەرمانی (سەرۆک بارزانی) و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکی باڵا بۆ ئامادەکردنی پلانی ستراتیژیی وەزارەتی پێشمەرگە پێکھاتووە و چوار ئەفسەری پلەباڵای وەزارەت و تیمێکی بەریتانیایی تێیدا ئەندامن، لیژنەکەمان 35 خاڵی وەک پێشنیاز بۆ ھەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە و چونیەتیی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھێزەکانی پێشمەرگە خستووەتەڕوو، پێشنیازەکانیش لەلایەن لیژنەی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی ئەمریکایی و بەریتانیایی و ئەڵمانیاییەوە کۆ کراونەتەوە و بە نووسراوی فەرمی بۆ مەکتەبی سەرۆک و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بەرز کراونەتەوە.''
بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگەی گوتی: ''چاوەڕێی وەڵامی (سەرۆک بارزانی) و ئەنجوومەنی وەزیرانین، چونکە بڕیارە لەگەڵ سەرۆک کۆبوونەوەیەک دەربارەی 35 خاڵەکە بکەین و بۆچوونی (سەرۆک بارزانی)یش وەردەگرین، بێگومان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆچوونی خۆی لەسەر ڕێکخستنەوەی ھەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگە و چونیەتیی باشترکردنی ڕەوشی پێشمەرگە لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە.''
عەمید ڕوکن (ھەژار عومەر) ئەوەشی خستەڕوو: ''خاڵەکانی نێو پڕۆژەکە زۆریان وردەکاری تێدایە، بەڵام ئەوەی زۆر گرینگە بۆ ژیانی پێشمەرگە ئەوەیە، داوامان کردووە، یاسای خزمەت و ڕاژەی پێشمەرگە جێبەجێ بکرێت و لە ڕووی دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانییەوە بایهخی زیاتر بە ھێزی پێشمەرگە بدرێت، ھەروەھا یەکێک لە خاڵەکان تایبەتە بە دانانی ستراتیژی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و ستراتیژیەکیش بۆ ھەرێمی کوردستان لە ڕووی سەربازییەوە. جێبەجێکردنی پڕۆژەکە زۆری کاریگەری بۆ سەر ھێزی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت.''
لەبارەی چوونی فەرماندەی زێرەڤانی بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە، عەمید (ھەژار) دەڵێت: ''فەرماندەییی پێشمەرگەی زێرەڤانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە و تا ئێستا ھیچ بڕیارێک لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی بخرێتە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە.''
قائید میرۆ




