٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان: هه‌موو پشتگیرییه‌كى خۆمان بۆ مافه‌كانى كرێكاران دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info
 
 
هه‌ولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک وێڕای پیرۆزبایی لە کرێکارانی کوردستان و جیهان، ڕۆڵی کرێکارانیان لە بنیاتنانەوەی کوردستاندا بەرز نرخاندووە.
 
 
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران:
 
یه‌كى ئایار له‌ ڕۆژى جیهانیى كرێكاراندا پیرۆزبایى له‌ كرێكارانى كوردستان و ته‌واوى كرێكارانى جیهان ده‌كه‌ین، هیواى جه‌ژن و پشوویه‌كى خۆش و ئارامیان بۆ ده‌خوازین.
 
 
له‌م یاده‌دا به ڕێز و پێزانینه‌وه‌ له‌ ڕۆڵى مه‌زنى بنیاتنه‌رانه‌ى كرێكارانى كوردستان ده‌ڕوانین كه‌ وه‌ك چۆن پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان سنووره‌كانى كوردستان ده‌پارێزن و تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌ى لێ دوور ده‌خه‌نه‌وه‌، كرێكارانیش به‌ هێز و بازووى خۆیان، پێشمه‌رگانه‌ كوردستان ئاواده‌ن ده‌كه‌نه‌وه‌. هه‌موو ئه‌و كاره‌ساتانه‌ى به‌ سه‌ر كوردستاندا هێنراون كه‌ تیایاندا شار و شارۆچكه‌ و دێهاته‌كانى خاپوور كراون، هه‌میشه‌ دووباره‌ به‌ دڵسۆزى و به‌ هێز و بازووى كرێكاران بنیات نراونه‌ته‌وه‌ و ئاوه‌دان كراونه‌ته‌وه‌، له‌ قۆناغى ئازادیشدا هه‌میشه‌ هێزى بنیاتنه‌رى پێشخستنى ئاوه‌دانى بوون.
 
له‌م ڕۆژه‌دا حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌موو پشتگیرییه‌كى خۆى بۆ ته‌واوى مافه‌كانى كرێكاران دووپات ده‌كاته‌وه و چى له‌ توانایدا بێت بۆ باشتركردنى دۆخى كرێكاران له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ درێخى ناكات‌، داواش له‌ كه‌رتى تایبه‌ت ده‌كات گرنگییه‌كى زیاتر به‌ كرێكاران و دۆخ و زه‌مینه‌ى كاركردنیان بدات، هه‌ر له‌ كرێ و هه‌قده‌ستیانه‌وه‌ تا دابینكردنى ته‌واوى شایسته‌كانیان و كه‌ش و زه‌مینه‌یه‌كى باشترى كاركردن و داكۆكیكردن له‌ سه‌لامه‌تیان له‌ شوێن و كاتى كاركردندا.
 
دووباره‌ یه‌كى ئایار له‌ هه‌موو كرێكارانى كوردستان پیرۆز بێت، هیوادارین هه‌موومان جه‌ژن و یاد و بۆنه‌كانى داهاتوو له‌ دۆخێكى باشتردا بكه‌ینه‌وه‌.
 
 
ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
 
1ى ئایارى 2017

 

هەواڵی پەیوەندیدار