عومەر ئۆرەیی: پەکەکە دەستی بەسەر ٤٠%ی دەڤەری ئامێدیدا گرتووە

ئامێدی-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٨ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئامێدی دەڵێت، پەکەکە وای دادەنێت ئامێدی ناوچەی ئەوانە و باج و گومرک و سەرانە لە خەڵکی ناوچەکە وەردەگرێت و دەستی بەسەر ٤٠%ی خاکی دەڤەری ئامێدیدا گرتووە.
(عومەر ئۆرەیی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: ''پەکەکە لە دەڤەری ئامێدی دەستی بەسەر ٤٠%ی خاکی دەڤەرەکەدا گرتووە، کە بریتییە لە ناوچەکانی (نێروە، ڕێکان و بەشێکی دەڤەری بەرواری و دۆسکیی خواروو و بەرگارە). کەچی ئەگەر ڕاپرسییەک بکرێت نیزیکەی ٩٩%ی خەڵک نایانەوێت پەکەکە لە دەڤەرەکە بمێنێت و خەڵکی دەڤەرەکە لە هەبوونی پەکەکە دەترسن و کێشە بۆ خەڵک دروست دەکەن، بۆیە پێویستە پەکەکە بگەڕێتەوە بۆ جێی ڕاستەقینەی خەباتی خۆی و کێشەکانی خۆی نەباتە ناوچەکانی هەرێم.''
بەرپرسی لقی ١٨ی پارتی لە ئامێدی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''هیچ هەماهەنگییەک لە نێوان ئێمە و پەکەکەدا نییە و ئێمە لە ڕێی ئاشتییەوە دەخوازین بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، بۆ ئەوەی مەینەتییەکانمان گەورەتر نەبن، چونکە ناوچە هەژارنشینەکان داگیر دەکات.''
دەربارەی هەبوونی شەڕیکی دیکە لە دەڤەری ئامێدی، (ئۆرەیی) گوتی: ''پارتی هیچ جارێک نایەوێت شەڕ ڕووبدات لەگەڵ هیچ لایەنێک و سەرۆکی هەرێم شەڕی براکوژی و کوردکوژیی حەرام کردووە و تەنیا خواستی ئێمە ئەوە بووە، کە ناوچەکە بەجێ بێڵن و هەر لایەنێک شەڕ لە دژی پارتی بکات، زۆر پەشیمان دەبێت.''
کاروان باعەدری




