قایمقامی شنگال: حەشدی شەعبی تۆپبارانی شنگالی نەكردووە
_-_Copy__2017_04_30_h15m40s32__HK.jpg)
شنگال-KDP.info- قایمقامی شارۆچكەی شنگال ڕەتی كردەوە، كە حەشدی شەعبی تۆپبارانی شنگالی كردبێت و ڕوونی كردەوە، تەنیا یەك گوللـەھاوەن ھاتووە، كە ھێشتا ڕوون نییە ھاوەنی داعشە یان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بۆ داعش هاویشتراوە و بەھەڵە كەوتووەتە نێو سەنگەرەكانی پێشمەرگەوە.
(مەحما خەلیل)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو زانیارییانەی لەبارەی بۆردومانكردنی شنگال لەلایەن ھێزەكانی حەشدی شەعبییەوە بڵاو كراونەتەوە، ناڕاستن، چونكە جاری پێشوو كە حەشد لە چوارڕێیانی تەلەعفەرەوە بۆردومانی ھێزەكانی پێشمەرگەی كرد، (ھادی عامری) سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەی كرد و وێڕای داوای لێبوردن، ئەوەیشی پشتڕاست كردەوە، كە بەھەڵە بووە و ڕووداوەكە دووبارە نابێتەوە. لە نێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە سنوورەكەدا ھەماھەنگیش ھەیە.''
(خەلیل) گوتیشی: ''تەنیا ھاوەنێك لە نێو شنگالدا كەوتووە، ئەویش ڕوون نییە لە كوێوە ھاتووە، كە ئاخۆ ھیی حەشدی شەعبییە و بەھەڵە هاتووە، یان ھیی تیرۆریستانی داعشە، چونكە لە نیزیك سەنگەرەكانی پێشمەرگە كەوتووە و خۆشبەختانە ھیچ زیانێكی گیانیی نەبووە، ئەوەی دەشگۆترێت خەڵك بریندار بووە، ھیچ ڕاست نییە و تەنیا یەك ھاوەن بووە.''
قائید میرۆ




