نوێنه‌رێكی كورد له به‌غدا: گۆڕان ده‌یه‌وێ به‌غدا ده‌ست له كاروباری هه‌رێم وه‌ربدات

بەغدا-KDP.info- نوێنه‌رێكی كورد له به‌غدا دەڵێت، چەندین جارە پرسی كاراكردنه‌وه‌ی پەرلەمانی كوردستان دەخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پەرلەمان نایەوێت خۆی لە قەرەی ئەو كارە بدات و پەیوەندیی بە ئەوانەوە نییە، هه‌روا دوا ده‌خرێت.
(ئیسلام حوسێن) كه نوێنه‌ری كورده له په‌رله‌مانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا خاڵێك دانراوە كە باس لە پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان دەكات كه بزووتنەوەی گۆڕان داوای كردووە، خۆی ئه‌م بابه‌ته خاڵی ١٠ـیەمی به‌رنامه‌ی كاری ئه‌مڕۆی كۆبوونه‌وه‌كه‌یه، له‌به‌رئه‌وه زەحمەتە بتوانین گفتوگۆی لەسەر بكەین، هه‌ڵبه‌ت سەرۆكایەتیی پەرلەمانیش ئەوكاتەی داناوە بۆ ئەوەی نەخرێته گفتوگۆوه، راستییه‌كه‌ی ئەوكارە دوورونزیك پەیوەندیی بە پەرلەمانی عێراقەوە نییە و كێشەی نێوخۆیی ھەرێمی كوردستانە.''
وه‌ك ئه‌و نوێنه‌ره‌ی كورد له به‌غدا ده‌ڵێ، كوتله‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دەیانەوێت وابكەن بەغدا دەست لە كاروباری ھەرێمی كوردستان وەربدات و گوتیشی، ''ئه‌م هه‌وله‌یان ھیچ ئەنجامێكی نابێت".
ئەو كه له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان له به‌غدایه ڕوونی كردەوە، "چەندین جارە ئەو خاڵە دەخرێتە بەرنامەی كارەوە، بەڵام گفتوگۆكردن لەسەری دوا دەخرێت، لەبەر ئەوەی بەغدا خۆی بە دەیان كێشەی ھەیە و ناتوانێ چارەیان بكات، چۆن دەتوانێ كێشەی پەرلەمانی كوردستان چارە بكات كە كاری ئەوان نییە؟.''
بڵند ئیبراھیم




