د. ساڵح: سەردانی سەرۆكی حكوومەت بۆ توركیا، لە دوو روانگەوە گرینگ بوو

ھەولێر-KDP.info- مامۆستایەكی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین دەڵێ، سەردانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ توركیا، زۆر گرینگە، چونكە لە دوای ڕووداوەكەی شنگال، یەكەم جارە سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ سەرۆككۆماردا كۆ دەبێتەوە، كە ئەمەیش بایەخەكەی لەوەدایە، لە رێگەی دیالۆگەوە كێشەكان چارە بكرێن.
(د. ساڵح مەلاعومەر عیسا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "سەردانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ توركیا، لە دوو روانگەوە زۆر گرینگە، یەكەم كۆبوونەوەی سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ گەورەترین بەرپرسی توركیا كە سەرۆككۆمارە، ئەمەیش دوای ڕووداوەكەی شنگال، چونكە ئەمە ھەنگاوێكی باشە كە ھەموو كێشەكان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارە بكرێن، جگە لەوەیش دیارە كە مەبەستی توركیا ھێزی پێشمەرگە نەبووە لەو ھێرشەدا، ھەر بۆیەیش توركیا داوای لێبووردنی لە ھەرێمی كوردستان كردووە و پەیوەندیی ھەرێمی كوردستان و توركیایش، رۆژ بە رۆژ بەھێزتر دەبێت و ئەو ڕووداوەیش كاریگەری ناكاتە سەر پەیوەندییەكان".
(عیسا) گوتیشی، "ڕوانگەی دووەمیش، بەشداریكردنی سەرۆكی حكوومەتە لە كۆنفڕانسی ئەتلەنتیك كە ئەمەیش وا نیشان دەدات ھەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا زۆر كاریگەرە و ژمارەیەكی بەھێزە، بۆیە لەو جۆرە كۆنفڕانسە نێودەوڵەتیانەدا بانگھێشت دەكرێت و رای ئەوانیش بە گرینگ وەردەگیرێت" .
ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەكان دهشڵێت، "پەكەكە لە قەیرانێكی قووڵدایە، چونكە لەجیاتی ئەوەی خەباتی خۆی لەناو خاكی توركیا درێژە پێ بدات، ھاتووە لە ھەرێم و رۆژئاوای كوردستان كێشە بۆ ئەوان دروست دەكات، لە كاتێكدا ھیچ كارێكیان نییە جگە لەوەی كێشە بۆ ئەو ناوچانە دروست دەكەن" .
دەشڵێت، "پەكەكە ئێستا بووەتە ئامرازێك لە دەستی وڵاتانی ھەرێمی و گەر بەم شێوەیە بەردەوام بن، دواتر دەبنە مەترسییەكی زۆر گەورە بۆ ھەموو پارچەكانی كوردستان و، ئەو وڵاتانەیش وەكو گرووپێكی چەكداری مامەڵە لەگەڵ پەكەكەدا دەكەن و ئەجێندای خۆیانی پێ جێبەجێ دەكەن دژ بە كورد، بۆیە ھەرچۆنێك بێت، پێویستە پەكەكە لە شنگال دەربكرێت."
بڵند ئیبراھیم




