سوپاسالاری پێشمەرگە: پێداچوونەوە بە هەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەکرێت
__2017_04_29_h19m39s51__HK.jpg)
شنگال-KDP.info- سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ، ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە بە ھاوکاریی چەند ڕاوێژکارێکی ھاوپەیمانان سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە ھەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنی ھێزەکاندا، بۆ ئەو مەبەستەش چەند پێشنیارێک ئامادە دەکرێن و دواتر ئاراستەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکرێن، بەڵام وەکو قۆناغی یەکەم ھەردوو لیوای یەک و دوو ڕێک دەخرێن و ئەمەریکا ھاوکارییان دەکات.
سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق (جەمال ئیمینکی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە بە ھاوکاریی چەند ڕاوێژکارێکی ھاوپەیمانان سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە ھەیکەلی وەزارەت و یەک خستنی ھێزەکانی پێشمەرگەدا، بۆ ئەو مەبەستەش چەند پێشنیارێک ئامادە دەکەن و دواتریش ئەو پێشنیارانە ئاراستەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، کە فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانە دەکەن و ڕەنگە حکوومەتیش ڕای خۆی لەسەر ئەو پێشنیارانە ھەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو پێشنیارانە لە لایەن وەزیری پێشمەرگەوە پەسەند دەکرێن.''
سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە روونیشی کردەوە: ''بڕیارە سەرەتا پێداچوونەوە بە ھەیکەلی وەزارەتدا بکرێت و ھەندێک لە بەرێوبەرایەتییەکان کەم بکرێنەوە و، بۆ قۆناغی یەکەمیش ھەردوو لیوای یەک و دوو ڕێک بخرێن، کە ئەمەریکا ئەو دوو لیوایە پڕچەک دەکات و ھاوکارییان دەکات و یەکخستنی ھێزەکانی دیکەش لە قۆناغی دووەمدا دەبێت.''
(جەمال ئیمینکی) ئاماژەیشی دا: ''خۆی لە ھەموو دنیا باوە، کە لە دوای ھەموو شەڕێک ھێزەکان ڕێک دەخرێنەوە، بۆیە پێویستە لە دوای شەڕی داعش دووبارە لیوا و فەوجەکانی پێشمەرگە ڕێک بخرێنەوە و دواتر بیر لە گۆڕانکارییەکان و یەکخستنی ھێزەکان بکرێتەوە، چونکە ئەمە زۆر پێویستە.''
بڵند ئیبراھیم




