زیاتر لە ٥٠ پەنابەری ھەرێم و عێراق لە بەریتانیا دەستگیر كراون
_-_Copy_(1)__2017_04_29_h15m9s45__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەران ڕایگەیاند، بەریتانیا ژمارەیەك پەنابەری كورد و عێراقیی دەستگیر كردووە و ھەڕەشەی دیپۆرتكردنەوەی بەزۆریان لێ دەكرێت. دەشڵێت: ''نامەیەكی ناڕەزاییمان بۆ سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا ناردووە و چاوەڕێی وەڵامین.''
(ئاری جەلال)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''بەریتانیا زیاتر لە ٥٠ پەنابەری عێراقیی دەستگیر كردووە، كە زۆربەیان كوردن و لە ناوچەیەكی نزیك فڕۆكەخانە زیندانی كراون و ھەڕەشەی دیپۆرتكردنەوەی بەزۆریان لێ دەكرێت، ئێمە وەك فیدراسیۆن خۆپێشاندانمان بۆ بەردەم تەلاری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئەنجام داوە و داوامان كردووە بە ھیچ شێوەیەك پەنابەران بەزۆری ڕەوانەی وڵاتەكانیان نەكرێنەوە و ئەو پەنابەرە عێراقیانەی دەستگیر كراون، ئازاد بكرێن، بەڵام تا ئێستا لە زینداندا ماون و ڕەوشیان زۆر خراپە، ھەرچەندە ھەوڵەكانمان ھێشتا بەردەوامن بۆ ئەوەی دیپۆرت نەكرێنەوە. لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئەورووپاش نامەیەكمان بۆ سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا ناردووە.''
(جەلال) گوتیشی: ''زۆربەی ئەو پەنابەرە دەستگیرکراوانە، خەڵكی ھەرێمی كوردستانن و دیپۆرتكردنەوەیان زیانێکی زۆری بۆ سەر ژیانیان دەبێـت، چونكە پەنابەران ڕێگەیەكی پڕمەترسی دەگرنە بەر تا دەگەنە وڵاتانی ئەورووپا و ناردنەوەیان كاریگەریی خراپی لەسەر ژیانیان دەبێت. بەداخەوە ساڵی ٢٠١١ ژمارەیەك وڵات ٦٥٠٠ پەنابەری عێراقی و ھەرێمی كوردستانیان بەزۆر دیپۆرت كردەوە، ئەوكات توانیمان گوشارێك بۆ سەر وڵاتانی ئەورووپا دروست بكەین و پڕۆسەكەمان ڕاگرت، بەڵام ئێستا بە ھۆی زۆریی ڕێژەی پەنابەران و ڕێككەوتنی نێوان وڵاتانەوە، خەریكە دووبارە پەنابەرانی عێراق و ھەرێمی كوردستان دیپۆرت دەكرێنەوە.''
قائید میرۆ




