سەرۆک بارزانی و شاندێكی باڵای بەریتانیا، قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵیان خستە بەر باس

هەولێر-KDP.info- لە دیداری نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیادا، نیگەرانییەكانی هەردوولا لەبارەی قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ خرایە بەر باس و ئەوەیش دووپات كرایەوە، كە لە قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ پێویستە بەڕێوەبردن و پاراستنی ئەو شارە ڕەنگدانەوەی ویستی خەڵك و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا بێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی 4ـی 2017، لە سەلاحەددین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا كرد كە پێكهاتبوو لە (تۆبیاس ئیڵوود) وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا له وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا و (فرانك بەیكەر) باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و چەند ڕاوێژكارێكی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سڵاوی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیای بە (سەرۆك بارزانی) گەیاند. هەروەها ڕۆشناییان خستەسەر بڕیار و ڕاسپاردەكانی لیژنەی ئاساییشی بەریتانیا كە جەخت لە هەڵوەستەكردن لەسەر بارودۆخی عێراق و پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكاتەوە وەك هێزێكی كاریگەری ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
هەروەها شاندی میوان پێزانینی بۆ قوربانیدان و قارەمانێتیی پێشمەرگە و ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق هەبوو لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و ئازادكردنی مووسڵ.
لەو كۆبوونەوەیەدا بە وردی نیگەرانییەكانی هەردوولا لەبارەی قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ خرایە بەر باس و ئەوەیش دووپات كرایەوە، كە لە قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ پێویستە بەڕێوەبردن و پاراستنی ئەو شارە ڕەنگدانەوەی ویستی خەڵك و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا بێت. هەروەها لەو قۆناغەدا هەماهەنگی لەنێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا هەبێت و، پەیوەست بەم باسەوە پێشنیاز و ڕێگەچارەكان تاوتوو كران.





