فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی سۆڤیێتی جاران: پشتیوانی كوردستان و بەرژەوەندیی گەلی كوردستان دەبین

هەولێر-KDP.info- لە دیداریاندا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شاندی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤیێتی پێشوو رایانگەیاند کە، بە هەموو توانایەك پشتیوانی كوردستان و بەرژەوەندیی گەلی كوردستان دەبن و كاری بۆ دەكەن. هەر لە دیدارکەدا شاندەکە ستاییشی قارەمانێتی و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەیان كرد لە پاراستنی وڵات و شەڕی تیرۆریستانی داعش و سەرەخۆشییان لە (سەرۆك بارزانی) و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە.
ڕۆژی دووشەممە 10ـی 4ـی 2017 لە سەلاحەددین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤیێتی پێشوو كرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی (سەرۆك بارزانی)یان كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و خۆشحاڵیی خۆشیان نیشان دا بە سەردانیان بۆ نیشتیمانی ڕەسەنی خۆیان كوردستان و، وێڕای دەربڕینی پێزانینی خۆیان بۆ خەبات و ماندووبوونی (سەرۆك بارزانی) باسیان لە ڕۆڵ و كاریگەریی خەباتی بارزانیی نەمر كرد لەسەر خۆڕاگری و ئومێد بۆ كوردانی دانیشتووی وڵاتانی سۆڤیێتی پێشوو. ئامادەیی ئەوەیشیان ڕاگەیاند كە بە هەموو توانایەك پشتیوانی كوردستان و بەرژەوەندیی گەلی كوردستان دەبن و كاری بۆ دەكەن.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان ستاییشی قارەمانێتی و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەیان كرد لە پاراستنی وڵات و شەڕی تیرۆریستانی داعش و سەرەخۆشییان لە (سەرۆك بارزانی) و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە.
هە لەو كۆبوونەوەیەدا شاندی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤیێتی پێشوو باسیان لە بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی كوردانی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و سۆڤییەتی جاران كرد.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی هەڵوێستی شاندی میوانی كرد و كوردانی دانیشتووی وڵاتانی سۆڤیێتی پێشووی بە بەشێكی ئازیزی گەلی كوردستان لە قەڵەم دا و دەستخۆشی لە كار و چالاكییەكانی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤیێتی پێشوو كرد و ڕایگەیاند، پاراستنی پێناسە و ڕەسەنایەتیی نیشتیمانی و نەتەوەیی گەورەترین خەباتە كە كوردانی ئاسیای ناوەڕاست و وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو بە باشی ئەنجامیان داوە.
هەر لەو دیدارەدا (سەرۆك بارزانی) لە وتەیەكدا مێژووی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و هەروەها ئیرادەی خەڵكی كوردستان بۆ ڕیفراندۆم و گەییشتن بە سەربەخۆیی بۆ ئامادەبووان شیی كردەوە.




