٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

شاندی ئه‌مه‌ریكا: خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە پابەندبوونی ئەمەریكا بە پشتیوانیی هەرێم فراوانتر دەكات

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ كۆبوونه‌وه‌یاندا له‌گه‌ڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی شاندێكی وڵاته‌كه‌ی ده‌كرد، ڕایگه‌یاند، خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە پابەندبوونی ئەمەریكا بە پشتیوانیی هەرێم فراوانتر دەكات.

 

ڕۆژی سێشەممە 4ـی 4ـی 2017 لە شاری هەولێر (مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە جەنەڕاڵ (جۆزێف دانفۆرد) سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە (جارید كۆشنەر) گەورەڕاوێژكاری سەرۆكی ئەمەریكا و (تۆم بۆسارد) ڕاوێژكاری ئاساییشی ناوخۆی سەرۆكی ئەمەریكا و (كێیت شیللەر) بەڕێوەبەری ئۆپەڕاسیۆنەكانی نووسینگەی ئۆڤەل و (دۆگڵاس سڵیمان) باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ (داونسێند) فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و سەربازیی كۆنسووڵخانە و سوپای ئەمەریكا.
لە دیدارەكەدا كە شاندێكی باڵای حكوومی و ئەمنی و سیاسی و سەربازیی هەرێم ئامادە بوون، سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا لە وتەیەكدا پێزانینی بۆ سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی و دەستكەوتەكانی هێزی پێشمەرگە هەبوو لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و سەرەخۆشیشی لە (سەرۆك بارزانی) و خانەوادەی شەهیدانی پێشمەرگە كرد و، ڕایگەیاند كە قوربانیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆدا بە نرخترین بابەتە و خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە پابەندبوونی ئەمەریكا بە پشتیوانیی هەرێم فراوانتر دەكات. ئەوەیشی خستەڕوو كە بۆ بەردەوامیی سەركەوتنەكان پێویستیمان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەیە.
لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا باسی لە تێگەییشتنی ئەمەریكا و ئیدارەی تازەی وڵاتەكەی كرد لە ئازار و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان. هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان جەختی لە دۆستایەتی و هاوپەیمانێتیی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان كردەوە و ئەوەیشیان بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند كە گەلی ئەمەریكا و ئیدارەی تازەی ئەمەریكا سەرسامن بە سەركردایەتیی (سەرۆك بارزانی) و قارەمانێتیی پێشمەرگە.

 

لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی  حكوومەت و سوپای ئەمەریكای كرد كە لە شەڕی تیرۆردا پاڵپشتی پێشمەرگە بوون و وێڕای ئاماژەدان بە قارەمانێتی و قوربانیدانی پێشمەرگە، ڕایگەیاند كە جێگەی شانازییە كە بە یارمەتیی ئەمەریكا و هاوپەیمانان پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی شكاند و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا كە بە هۆی هەماهەنگیی بێوێنەی نێوان پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكا سەركەوتنی گەورە تۆمار كراوە، بە بێ ئەوەی تەنانەت یەك شوێنی سڤیلیش بكرێتە ئامانج.
(سەرۆك بارزانی) جەختیشی لە بەردەوامی و بەهێزتربوونی هاوپەیمانێتیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا لە شەڕی تیرۆر كردەوە.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا (سەرۆك بارزانی) باسی مێژووی هاوبەشی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتییانەی كرد كە لەسەر دەستی حكوومەتەكانی عێراقی تووشی گەلی كوردستان هاتووە. جەختیشی لە فەرهەنگی پێكەوەژیان و نەبوونی حەساسیەتی نەتەوەیی و تاییفی لە كوردستان كردەوە و ئاماژەی بەوەدا كە هەر ئەو فەرهەنگەیە وای كردووە گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆردا سەركەوێت.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دواپێشهاتە مەیدانییەكان لە شەڕی مووسڵ تاوتوو كرا و، ڕۆشناییش خرایە سەر ئەو مەترسی و تەحەدیاتەی كە لە قۆناغی دوای داعش دێنە ئاراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار