٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی: هەرێمی كوردستان ناتوانێ بەرانبەر ئاییندەی مووسڵ تەماشاكار بێت

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگاری مووسڵدا ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان ناتوانێ بەرانبەر ئاییندەی مووسڵ تەماشاكار بێت و پێویستە لە دواڕۆژی پێكهاتەكان و پارێزگای نەینەوا و ئاساییشی هەرێم دڵنیا بین و چیتر ڕێگە نەدرێت كارەسات و هەڕەشەكان دووبارە ببنەوە.

 

ڕۆژی شەممە 1ـی 4ـی 2017 لە سەڵاحەدین، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، لەگەڵ پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگر و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوادا كۆ بووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگر و نوێنەرانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی پارێزگای نەینەوا پێزانینی خۆیان بۆ قوربانیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و ئازادكردنی ناوچەكانیان نیشان دا و سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی (سەرۆك بارزانی)ـیان كرد لە سەركردایەتیكردنی شەڕی دژی داعش. هەروەها ستاییشی ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی)ـیان كرد لە جێگیركردنی مافی پێكهاتەكان و پاراستنیان و، سوپاسی حكوومەت و خەڵكی كوردستان و دەزگەی خێرخوازیی بارزانییشیان كرد كە یارمەتیی سەدان هەزار ئاوارە و لێقەوماوی پارێزگای مووسڵیان داوە. ئەوەیشیان خستە ڕوو كە ئاساییش و سەقامگیری و بووژانەوەی نەینەوا و هەرێم كاریگەرییان لەسەر یەكتری هەیە، بۆیە دەبێ لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدا بن.

ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە داوایان لە (سەرۆك بارزانی) كرد كە لە پاڵپشتیی خۆی بۆ پارێزگای نەینەوا بەردەوام بێت و وێڕای ئاماژەدان بەو زیانانەی كە لە ئەنجامی شەڕ بەر ژێرخانی شاری مووسڵ كەوتووە، گلەیی ئەوەیشیان لە بەغدا كرد كە لە یارمەتیدانی خەڵك و ئیدارەی مووسڵ كەمتەرخەمە.

لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا نوێنەرانی پێكهاتەی مەسیحی و ئێزدی و توركمان و شەبەك و عەرەبی پارێزگای مووسڵ تێبینی و پێشنیازەكانی خۆیان لەبارەی بارودۆخی پارێزگای نەینەواوە خستە ڕوو.

لە بەرانبەردا، (سەرۆك بارزانی) وێڕای ئاماژەدان بەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نوێنەری شەرعیی دانیشتووانی نەینەوان، ئەوەی دووپات كردەوە كە ئاگاداری ئازار و ڕەنجی دانیشتووانی پارێزگای نەینەوایە و یارمەتیدانی ئاوارەكانیشی بە ئەركێكی مرۆیی و نیشتیمانی وەسف كرد و ئەوەیشی خستە ڕوو كە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەغدا لە یارمەتیدانی ئاوارەكان كەمترخەم بوون. ڕۆشناییشی خستە سەر هۆكارەكانی سەرهەڵدان و گەشەی داعش لەو پارێزگایە و باسی لەو زیانە مرۆیی و ماددی و ئەو تەحەدیاتانە كرد كە لە ئەنجامی پەلاماری داعش ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە و ڕایگەیاند كە، هەرێمی كوردستان ناتوانێ بەرانبەر ئاییندەی مووسڵ تەماشاكار بێت و پێویستە لە دواڕۆژی پێكهاتەكان و پارێزگای نەینەوا و ئاساییشی هەرێم دڵنیا بین و چیتر ڕێگە نەدرێت كارەسات و هەڕەشەكان دووبارە ببنەوە.

سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بۆ ئامادەبووان ڕوون كردەوە كە قۆناغی دوای داعش بایەخی تایبەتی خۆی هەیە و بۆ ڕێگەگرتن لە قووڵبوونەوەی كێشەكان، پێویستە خەڵكی خۆجێیی پارێزگا خۆیان بەڕێوە ببەن و بشتوانن خۆیان بپارێزن. تەئكیدی لە سیاسەتی گشتیی هەرێمی كوردستانیش كردەوە كە دژی هەر كەس و لایەنێك بە بێ جیاوازیی نەتەوەیی و تاییفی دەوەستێت كە هاودەست و هاوكاری داعش بووە و چاوپۆشی لە تاوانەكانیان ناكرێت، لە هەمان كاتدا پشتیوانی خەڵكی سڤیل و ئەو لایەنانەن كە هیچ پەیوەندییەكیان بە داعشەوە نەبووە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار