٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سه‌رۆك بارزانی بۆ گه‌لی كلدان سریان ئاشوور: لە خۆشی و ناخۆشیدا یەك چارەنووسمان هەیە

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی ئاشوورییه‌وه‌، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆ گەلی كلدان سریان ئاشووری دووپاتی دەكاتەوە كە ''كوردستان وڵاتی هەموومانە و، لە خۆشی و ناخۆشیدا یەك چارەنووسمان هەیە و لە دژی تیرۆر و جیاكاری لە یەك بەرەداین.''

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ لە كوردستاندا هزری توندڕۆیی و تاییفەگەری و نكۆڵیكاری جێگەی نابێتەوە.

ده‌قی پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی ئاشووری:


به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان
به‌ بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی نوێی بابلی ئاشووری و جەژنەکانی ئەکیتۆ، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراسته‌ی گەلی كلدان سریان ئاشووری لە كوردستان و عێراق و هەموو جیهان ده‌كه‌م. هیوادارم ئەو بۆنەیە و سەری ساڵی تازەی ئاشووری بابلی دەستپێكێكی تازە بێت بۆ نەهێشتنی یەكجارەكیی ئەو ئازار و نەهامەتییانە كە لە ئەنجامی هزری توندڕۆیی و پەلاماری تیرۆریستان هاتووەتە ئاراوە.
لەم بۆنەیەدا ئەوە بۆ خوشك و برایانی گەلی كلدان سریان ئاشووری دووپات دەكەمەوە كە كوردستان وڵاتی هەموومانە و، لە خۆشی و ناخۆشیدا یەك چارەنووسمان هەیە و لە دژی تیرۆر و جیاكاری لە یەك بەرەداین. پێویستە فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتیی نێوان هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان پارێزراو بێت و قووڵتر ببێت و لە كوردستاندا هزری توندڕۆیی و تاییفەگەری و نكۆڵیكاری جێگەی نابێتەوە.
ئومێد دەكەم هەموو ئەو خوشك و برایانەی لە ژیانی ئاوارەییدان بە زووترین كات بە سەربەرزی بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و داهاتوویان گەرەنتی ببێت.
هیوادارم ئاشتی و ئاسوودەیی بۆ عێراق و ناوچەكە بگەڕێتەوە و ئێوەی ئازیزیش بگەنە مافە ڕەواكانتان و لە سایەی ئازادی و ئارامیدا جەژنەكانتان بگێڕن.


مه‌سعوود بارزانی
31ـی 3ـی 2017

هەواڵی پەیوەندیدار