٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

برێت مەکگۆرک: ئارامیی و سەقامگیریی کوردستان بۆ ئەمەریکا گرینگە؛ ئەمەریکا نایەوێ جگە لە هێزە فەرمییەکانی هەرێم هیچ هێزێکی دیکە لە دەڤەری شنگال بێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە جێگەی شانازییە لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستاندا كار دەكەن. جەختیشی لەوە كردەوە ئارامیی و سەقامگیریی كوردستان بۆ وڵاتەكەی جێگەی بایەخە و پەیوەست بە بارودۆخی شنگال ئەوەی ڕاگەیاند كە ئەمەریكا نایەوێ جگە لە هێزە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق هیچ هێزێكی تر لەم دەڤەرە بێت.

ڕۆژی دووشەممە 13ـی 3ـی 2017 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (برێت مەكگورگ) نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە (دۆگڵاس سلیمان) باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و (كین گرووس) كونسووڵی ئەمەریكا لە هەولێر و جەنەڕاڵ داونسێند فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكاری باڵیۆزخانە و سوپای ئەمەریكا لە عێراق.

لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆژی لەدایكبوونی بارزانیی نەمر و بۆنە نیشتیمانییەكانی گەلی كوردستان لە مانگی ئازار ئەوەی خستەڕوو كە جێگەی شانازییە لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستاندا كار دەكەن. جەختیشی لەوە كردەوە ئارامیی و سەقامگیریی كوردستان بۆ وڵاتەكەی جێگەی بایەخە و پەیوەست بە بارودۆخی شنگال ئەوەی ڕاگەیاند كە ئەمەریكا نایەوێ جگە لە هێزە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق هیچ هێزێكی تر لەم دەڤەرە بێت.
هەر لەم دیدارەدا هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان نیشاندا لەوەی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانان و هێزەكانی سوپای عێراق سەركەوتن و ئەنجامی زۆر باشی لێكەوتووەتەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا و بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و شەڕی تیرۆریستانی داعش لە سووریا و عێراق تاوتوێ كرا.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو و شاندی میوان جەختیان لە بەردەوامیی وڵاتەكەیان لە پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار